"پەكەكە بەدوای هێنانه‌وه‌ی پشێوییه‌ بۆ تێكدانی دۆخی ھەرێمی كوردستان"

چاودێران: په‌كه‌كه‌ شه‌ڕ به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

ئەگەرچی پەیام و سیاسەتی ھەرێمی كوردستان بە ئاراستەی ھێوركردنەوەی دۆخی ناوچە سنوورییەكانە؛ بەڵام پەكەكە لە پەیامە ھەڕەشە ئامێزەكانی خۆی بەردەوامە و ھەڕەشەكان توندتر دەكات. بەڕای چاودێرانی سیاسیش ئەوەی پەكەكە دەیكات دژی لایەنێكی سیاسی نییە، بەڵكو دژ بە ھەرێمی كوردستان و دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، كە لایەنە سەرەكییەكانی ھەرێمی كوردستان بەشدارن لە پێكھێنانی حكومەت.

حیكمەت محەمەد، بڕیاردەری لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: پەكەكە بەدوای دروستكردنی ئاڵۆزییەوەیە بۆ تێكدانی دۆخی ھەرێمی كوردستان.

عەبدولسەلام بەرواری چاودێری سیاسی گوتی: داوا دەكەم ئەوەی پەكەكە بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان دەیكات بەو جۆرە لێكنەدرێتەوە، كە كێشەی نێوان پەكەكەیە لەگەڵ لایەنێك، بەڵكو ئەمە شەڕفرۆشتنی پەكەكەیە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و دامەزراوە فەرمییەكانیدا.

پەیامی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ پەكەكە ڕوون بوو، بریتی بوو لە رێگرتن لە دروستبوونی شەڕی براكوژی، بەتایبەت دوای چەند كردەوەیەكی چەكدارانی پەكەكە ھەر لە تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی ھەرێمی كوردستان و شەھید و برینداركردنی ژمارەیەك پێشمەرگە.