ڤیان سەبری: شیعەکانی پەرلەمان نایانەوێت رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵی هەبێت

"ئیدی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا هاودەنگی، هاوبەشی و یەکسانی نەماوە"

 K24 - هەولێر

دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای قەرز لەنێو پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی کورد، هەروەها هەوڵدان بۆ پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لەپێناو ناردنی بەشێکی قەرزەکە، وایانکردووە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی پەرلەمانی عێراق بڵێ، "ئیدی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا هاودەنگی، هاوبەشی و یەکسانی نەماوە... و شیعەکانی پەرلەمان نایانەوێت رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵی هەبێت".

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ قسەکردن لەسەر چۆنییەتی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای قەرز لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقییەوە، میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو.

ڤیان سەبری لەبارەی ئەو بڕگەیەی خاڵی ناکۆکیی نێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و پەرلەمانتارانی دیکەی عێراقی بوو، دەڵێ "ماددەی پێنجی پڕۆژە یاساکە زۆر توندڕەوە، لایەنی شیعە هەموویان کۆک بوون کە ئەو مادەیە لە پڕۆژەیاساکەدا هەبێت".

دەقی پێشنیازی ماددەکە:

پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجیی فیعلی (خەرجییە بەردەوامەکان و خەرجیی پرۆژە سەرمایەگوزارییەکان) دیاریدەکرێت دوای دوورخستنەوەی خەرجییە سیادییەکانی سنووردار بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی کۆماریی عێراق بۆ ساڵی 2019، بەمەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێت بە رادەستکردنی پارەی نەوتی هەناردەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە، کە تەنیا کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دیاری دەکات، هەروەها (رادەستکردنی) داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی، لە حاڵەتی پابەندنەبوونی هەرێم، نابێت خەرجییەکە بدرێتە هەرێم، ئەوەی سەرپێچی لەو ماددەیە بکات، بەرپرسیارییەتی یاسایی هەڵدەگرێت.

پەرلەمانتارانی کورد نزیکەی 10 پێشنیازی دیکەیان کردووە بۆ ئەوەی دەقی ئەو خاڵە بگۆڕدرێت، بەڵام وەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، "پەرلەمانتارانی شیعە خۆشیان هەندێک پێشنیازیان هەبوو، کەچی دوایی هەر خۆیان دەیانگوت نەخێر بەو پێشنیازەش رازی نابین".

لەسەر پێشنیازی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بە رازیبوونی هەموو ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لە کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12-11-2020) پێشنیاز کرا ئەو بڕگەیە دوابخرێت بۆ رۆژی دواتر، ڤیان سەبری دەڵێ "چوینە نێو کۆبوونەوە، بەڵام گرژییەکی زۆر دروست بوو، ئەوان پاشگەزبوونەوە و گوتیان دەبێت هەر ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێت، ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەوڵماندا رێژەی یاسایی تەواو نەبێت و لە هۆڵەکە دەرچووین، بەڵام بەڕاستی سەرنەکەوتین و دەنگی لەسەر درا".

ڤیان سەبری لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی باسی لەوە کرد "ئەو بڕە پارەیە لە بنەڕەتدا دەبێت پابەندکردنی تێدا نەبێت، چونکە خۆی وەکو قەرزێکە، ئێمە (لە مانگی حوزەیران) ئەگەر وەکو کورد بەشدار نەبوواین لە پرۆژەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی، پرۆژەکە پەسەند نەدەکرا، چونکە کاتی کۆرۆنا بوو... بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بینیمان: لایەنی شیعە توندڕەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و تەنانەت نایەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی رێککەوتنیان هەبێت و دژین".

"لەنێو پەرلەمانی عێراقدا هاودەنگی، هاوبەشی و یەکسانی نەماوە"

لە کۆتایی گوتەکانیدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی پەرلەمان جەختی کردەوە لەوەی "دیارە ئەمە پیلاندانانە لە لایەنی شیعەوە، دەرکەوت ئەوە پیلانە بۆ ئەوەیە لە 2021 هەوڵبدەن ئەوەی ئەوان دەیانەوێت، لەسەر بنەمای پەرلەمان جێبەجێی بکەن، ئەمڕۆ لەنێو پەرلەمانی عێراقدا هاودەنگی نەماوە، هاوبەشی نییە و یەکسانیش نییە. ئەوە دووەم و سێیەمجارە لایەنی شیعە ئەوەی دەیانەوێت لەنێو پەرلەمانی عێراقدا پەسەندی دەکەن لەڕێگەی زۆرینەوە، دەڵێن؛ هەر یاسا و پرۆژەیاسایەک بمانەوێت، تێیدەپەڕێنین، جا ئێوە لێرە بن یان نا".

بەگشتی بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە، کە لەدوای پەسەندکردنی لە کاتژمێر 05:40ـی بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12-11-2020) لە پەرلەمانەوە، ئیدی بووە یاسا؛ بۆ ئەو سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵ، حکومەتی عێراق دەتوانێت 12 تریلیۆن دینار لە ناوخۆی عێراق قەرز بکات، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی. بەهۆی ئەو یاسایەشەوە بەغدا 320 ملیار دینارەکەی مانگانە نانێرێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابیندەکرد، کە پێشتر هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون.