ڤایرۆسی كۆرۆنا خواست بۆ نەوت کەمتردەکاتەوە

چارەنووسی بازاڕی نەوت بەستراوەتەوە بە داھاتووی ئابووریی سێ گەورە وڵاتی بەكارھێنەر

K24 - هەولێر

چارەنووسی بازاڕی زێڕی رەش، بەستراوەتەوە بە داھاتووی ئابووریی سێ گەورە وڵاتی بەكارھێنەر، كە ھەم لەڕووی ئابووری و ھەم لەڕووی ژمارەی بەكارھێنەرانەوە پێشه‌نگی جیھانن.

بەگوێرەی راپۆرتێكی زانیاریی وزەی ئەمەریكا، لەسەر ئاستی جیھاندا لەگەڵ كاریگەری كۆرۆنا و كەمبوونەوەی خواست، ئاستی بەكارھێنەران لەنێوان 10 تاوەكو 15 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە كەمبووەتەوە و، گەیشتووەتە نزیكەی 89 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە رێژەی 60٪ـی كۆی بەرھەمەكە لەلایەن 10 وڵاتەوە ھاوردە دەكرێت.

پێگەی ئۆیڵ پرایس، گریمانه‌یه‌كی لەبارەی چاره‌نووسی نرخ و بازاڕی نه‌وت بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی داوه‌؛ ئه‌گه‌ر نرخی نەوت بە 40 دۆلار مامەڵەی پێوە بكرێت، داھاتی رۆژانە دەگاتە سەرووی 3 ملیار و 560 ملیۆن دۆلار، لەكاتێكدا بەر لە كۆرۆنا، ھەم خواست زیاتر بوو، ھەم نرخی نەوت بە نزیكەی دووھێندەی ئێستا بوو.

بەگوێرەی راپۆرتەكانی پێگەی ئۆیڵ پرایس، ویلایەتە یەگرتووەكانی ئەمەریكا لەسەر ئاستی جیھاندا گەورەترین كڕیاری نەوتە، رێژەی 20٪ـی كۆی ھاوردەكانی نەوتی پێكھێناوە، بەجۆرێك رۆژانە نزیكەی 19 ملیۆن بەرمیل لە بازاڕەكاندا ھاوردەدەكات، لەكاتێكدا گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتیشە.

لە ریزبەندیی دووەم گەورەترین كڕیاری نەوت، چین دێت كە ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی ملیار و 400 ملیۆن كەسە و، خاوەنی ژمارەیەكی زۆر كارگە و بازاڕە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی 14٪ـی كۆی ھاوردەی نەوتی پێكھێناوە و، رۆژانەش پێویستی بە زیاتر لە 14 ملیۆن بەرمیل نەوتە، بەڵام كۆرۆنا وایكردووە خواستیان بۆ نەوت كەم بێتەوە.

ھیندستان وەكو پێنجەم گەورەترین ئابووریی جیھان و دووەم گەورەترین وڵات لەرووی زۆریی ژمارەی دانیشتووانه‌وه‌، رۆژانە پێویستی بە سەرووی 5 ملیۆن بەرمیل نەوتە، بەمەش كۆی 5٪ـی ھاوردی نەوتی لەسەر ئاستی جیھان پێكھێناوە، پێشبینیش دەكرێ تاوەکو 2025 خواستی بۆ نەوت بگاتە 8 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

ئۆپێك لە راپۆتێكدا پێشبینی كردووە، لەنێوان ساڵی 2019 تاوەكو 2023، خواستی بازاڕ بۆ زێڕی رەش بۆ سەرووی 7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرزبێتەوە.

 

 

هـ.ر.