مۆسكۆ جەختدەكاتەوە ھێزەكانی ئاشتیپارێز لە قەرەباغ تەنھا رووسی دەبن و توركیی لەگەڵ نابێت

ھەماھەنگی لەگەڵ توركیا بەڕێگای ناوەندێكی ناو خاكی ئازەربایجان دەبێت

K24 – ھەولێر:

گوتەبێژێ كرملین، دیمتری بیسكۆڤ، جەختیكردەوە، ھێزەكانی ئاشتیپارێز لە ھەرێمی قەرەباغ تەنھا رووسی دەبن و ھەماھەنگی لەگەڵ توركیا بەڕێگای ناوەندێكی ناو خاكی ئازەربایجان دەبێت.

بیسكۆڤ لەلێدوانێكیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە وەڵامی لێدوانەكانی ئەنقەرە سەبارەت بەبەشداری ھێزەكانی توركیا لە كاری ئاشتیپارێزیدا لە قەرەباغ گوتی: "دەتوانین بڵێین ھەندێك جیاوازی ھەیە لە تێگەیشتن. ھێزەكانی ئاشتیپارێز تەنھا سوپای رووسیا دەبێت و لەو ناوچانه‌ی بەیەكگەیشتنی ھەردوو لایەن (ئازەربایجانی و ئەرمەنی) بڵاوە دەبنەوە و كارلێك لەگەڵ سوپای توركیا لە چوارچێوەی بنكەیەكی چاودێری لەسەر خاكی ئازەریانجان دەبێت".

جەختیشیكردەوە لەوەی "ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە".

گوتەبێژی كرملین گوتیشی: مۆسكۆ زیاتر لە جارێك دووپاتیكردووەتەوە، بەشداری ھێزەكانی توركیا لە كاری ئاشتیپارێزی لە قەرەباغ، "بابەتێك نییە تەنھا لەنێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بەڵكو ده‌بێت ھەر یەك لە ئەرمینیا و ئازەربایجان رێككەوتنی لەسەر بكەن".

لە لایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی رووسیا لە لێدوانێكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیكردەوە، چاودێرانی تورك لە قەره‌باغ بوونیان نابێت و كاری چاودێرانی رووسی و توركی لە دوورەوە دەبێت و بەڕێگای فڕۆكەی چاودێری دەبێت.

پێشتر سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو، ھێزەكانی توركیا بەشدار دەبن لەگەڵ رووسیا لە كاری ئاشتیپارێزی لە ھەرێمی قەرەباغ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.

سەرچاوە: نوفوستی