دانە غاز: بەرھەمھێنانی غاز لە ھەرێمی كوردستان %6 بەرزبووەتەوە

رۆژانە گەیشتە 32.400 بەرمیل نەوتی ھاوتا

K24 – ھەولێر:

كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، تێكڕای بەرھەمی غاز لە ھەرێمی كوردستان بە رێژەی %6 لە چاره‌كی سێیەمی ساڵی 2020 بەرزبووەتەوە.

كۆمپانیاكە گوتی: بەرھەمھێنانی غاز لەھەرێمی كوردستان لە میانی نۆ مانگی یەكەمی ساڵی 2020 تێكڕاییەكی چەسپاوی بەدەستھێنا، و رۆژانە گەیشتە 31.400 بەرمیلی نەوتی ھاوتا، ھەروەھا رێژەی %6 زیادەی لە چاره‌كی سێیەمی ئەم ساڵی تۆماركرد و رۆژانە گەیشتە 32.400 بەرمیلی نەوتی ھاوتا.

دانەغاز ئاماژەیكرد، "بەرزبوونەوەی رێژەی بەرھەمھێنان لە كوردستان بۆ تەواوكردنی پرۆژەی بەرزكردنەوەی توانای وێستگەی چارەسەركردنی غاز بە سەركەتوویی دەگەڕێتەوە، كە بەشداریكرد لە زیادكردنی 30 ملیۆن پێ سێجای پێوەری لە غازی رۆژانە.

دانە غاز یەكەم و گەورەترین كۆمپانیای رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە لە بواری غازی سرووشتی و لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2005 دامەزرا و بنەچەی لە بواری كنە و پشكنین بەدوای غازدا ھەیە لە ھەر یەك لە میسر، ئیمارات و ھەرێمی كوردستان.

ھاوتای بەرمیلی نەوت لە رۆژێكدا، زاراوەیەكە، ئێستا نەوت بە ژمارەی بەرمیل پێوەر دەكرێت و غازیش بە پێ سێجا، بۆ ئاسانكردنی بەراوردی یەك بە یەكییان، بڕیار لە سەر یەكخستنی بەرھەمھێنانی غازی سرووشتی دراوە بە "بەرمیلی ھاوتا" لە نەوت، بەمەش یەك بەرمیل نەوت ھەمان چەندیەتی وزەی ھەیە لە 6.000 پێ سێجا لە غازی سرووشتی.