حه‌لبووسی به‌ شكاندنی به‌ڵێنه‌كانی تۆمه‌تبار ده‌كرێت

یاسای قه‌رز به‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ دژی كورد تێپه‌ڕێندرا
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

پەرلەمانی عێراق بەبێ گوێدانه‌ خواست و داواكارییه‌كانی کورد یاسای کورتهێنانی دارایی پەسند کرد. فراکسیۆنە کوردستانیەکان دەڵێن: حەلبوسی بەڵێنی شکاندووە، چونکە بەر لە کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنە کوردستانیەکان پێیان راگەیاندوە ماددەی پێنجی ئەو پڕۆژەیە زیان بە مووچەخۆرانی ھەرێم دەگەیەنێت و پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە بە ویستی خۆیان دەستکاریان کردووە، سەرۆکی پەرلەمانیش بەڵێنی داوە ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن؛ ئەوا ماددەی پێنج بۆ کاتێکی تر دوا دەخەن، دواتریش  بەڵینەكه‌ی شکاندووە و بە زۆرینە و کەمینەی ناو ھۆڵی پەرلەمان پڕۆژە یاسای قەرزی تێپەڕاند.

بڕگەی دووەمی ماددەی پێنجی پڕۆژە یاسای قەرزکردن، بێ ئامادەبوون و ویستی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ھۆڵی پەرلەمان پەسەندکرا، دەبێتە ھۆی بڕینی ئەو 320 ملیار دینارەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم مانگانە رەوانە دەکرا، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە حکومەتی ھەرێم دەبێت پابەند بێت بە رادەستکردنی نەوتی ھەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی سەرجەم داھاتە ناوخۆییەکان بۆ حکومەتی عێراق، لە بەرامبەر پابەند بوونیشی، بەغدا پارەی مووچە و بەشێک لە شایستە داراییەکانی دیكەی ھەرێم دەدات، بەھار مەحمود پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوای كرد حکومەتی ھەرێم جارێکی دیكە دەستبکاتەوە بە دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ و حکومەتی ناوەند.

بڕی قەرزی دەرەکی و ناوخۆی بە 12 ترلیۆن دینار پەسەندکرا لەگەڵ ئەو 9 ترلیۆن دینارەی کە داھاتی ناوخۆی عێراقە حکومەت دەتوانێت بۆ سێ مانگی داھاتوو مووچەی فەرمانبەران و پڕکردنەوەی کورتھێنانی پێ دابین بکات.