باشینیان: ئەگەر رێككەوتنەكەم واژوو نهكردبووایە 20 ھەزار سەرباز بەدیل دەگیران

K24 – ھەولێر:
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆڵ باشینیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئەو لە ناچاریان رێككەوتنی راگرتنی شەڕی واژووكرد و ویستی سوپای وڵاتەكەی لە بەدیلگرتن رزگار بكات.
باشینیان لە گوتارێكیدا بۆ ھاووڵاتیان گوتی: ئەگەر ئەم رێككەوتنەم لەسەر راگرتنی شەڕ لە قەرەباغ واژوو نەكردایه، 20 ھەزار سەربازی ئەرمینیا بە دیل دەگیران.
گوتیشی: "ئەو بەڵگەنامەیە، بەو مانایه نییە چارەسەری كۆتایی پرسەكە بێت.. لەو رەوشەی ئێستادا، قبووڵكردنی ئەو مەرجانە پێشكەشكرابوون تاكە رێگا بوو بۆ ئەوەی ئارتساخ (ناوە ئەرمەنییەكەی قەرەباغ) بەتەواوی لەدەست نەدەین و بەھەزارن مرۆڤیش نەكوژرێن".
گوتیشی: "ئەم بڕیارەم دا، دوای ئەوەی سوپای ئەرمینیا رژد بوو لەسەر وەرگرتنی ئەم بڕیارە.. ھەڵوێستەكە بێنە بەرچاوت، كاتێك سوپا پێدەڵێت راوەستە".
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆڵ باشینیان، سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن و سەرۆكی ئازەربایجان، ئیلھام عەلییڤ لە 10ی ئەم مانگەدا راگەیهندراوێكی ھاوبەشیان واژووكرد سەربارەت بە راگرتنی شەڕ لە قەرەباغ و بڵاوكردنهوهی ھێزەكانی ئاشتیپارێزی رووسی لە سەر ھێڵی بەیەكگەیشتن ھەردوو لایەنی ئەرمەنی و ئازەری بۆ چاودێریكردنی پابەندبوونی ھەردوو لایەن بە رێككەوتنەكە.
لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەرمینیا بەردەوامن لە ناڕەزایی دەربڕین لە بەردەم بینایەی پەرلەمان لە ناوەڕاستی یەریڤان و تا كاتژمێر 12 نیوەشەوی رابردوویان، بەكاتی ناوخۆیی، مۆڵەت دابووە نیكۆڵ باشینیان بۆ ئەوەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی رابگەیەنێت.
سەرچاوە: RT