پڕۆژە ستراتیجییەکانی ڕێگاوبانی بەردەوامن

پڕۆژەکان گرنگن و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاريداوە بودجەی پێویستی بۆ دابین بکات

K24 – ھەولێر:

سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئەو بارودۆخە سەختەی کە لە ڕووی ئابوورییەوە ھاتۆتە پێش، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژە ستراتیجییەکانی ڕێگاوبانی ڕانەگرتووە و لە کارکردن بەردەوامن.

ئاگرین عبداللە، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ کاروباری ڕێگاوبان گوتی: پڕۆژەکان گرنگن و سەرۆکاییەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاريداوە بودجەی پێویست بۆ بەردەوامی ئەو پڕۆژانە دابین بکات.

سەرەڕای قەیرانی دارایی بەڵام پڕۆژە ستراتیجییەکانی ڕێگاوبان ڕانەوەستاون و كاركردن تياياندا بەردەوامه، لەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەت 551 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی 6 پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان تەرخان کرا.

ئاگرین عه‌بدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ کاروباری ڕێگاوبان وردەکاری ئەو شەش پڕۆژەیەی باسكرد و گوتی: بەشێک لە پڕۆژەکان لە تەواو بوون نزیکن.

جگە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆییەم لە بواری ڕێگاوباندا، لە پارێزگاکانیش لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگەوبانەکان بەردەوامە.

چەند پڕۆژەیەکی رێگەوبان لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت، ھەندێکیان بودجەیان بۆ تەرخانکراوە و کەوتوونەتەوە کار.

دروستکردنی رێگای ھەولێر- گۆپاڵ 202 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و 70%ی کارەکانی جێبەجێکراوە، قۆناغی یەکەمی دووسایدی دوکان-چوارقوڕنە 52 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و 86%ی کارەکانی تەواو بووه، رێگای باشماخ - پێنجوێن 34 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و 60%ی کارەکانی تەواو بووە.

رێگای دووسایدی کەلار-دەربەندیخان 137 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و 36%ی کارەکانی تەواو کراوە، رێگای کەلار- کفری 53 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و 70%ی کارەکانی تەواو بووە.

رێگای ئیبراھیم خەلیل-دیرەبرەن 36 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە 91%ی جێبەجێکراوە، ھەروەھا ڕێگەی سیمێڵ - باتێل، کە 36 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە 95%ی کارەکانی تەواو بووە.

جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و بە دوسایدکردنی ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمن، كاركردن تياياندا ويراى قەيرانى ئابوورى و دارايى بەردەوامه.