ئەندامانی كۆنگرێس ھانی بایدن دەدەن رێوشوێن بگرێتە بەر لە بەرامبەر قەیرانی قەرەباغ

دەبێت دانوستانەكان لە ناو كۆمەڵەی "مینسك"ی سەر بە رێكخراوی ئاسایش و ھاریكاری لە ئەوروپا دەستپێبكرێنەوە

K24 – ھەولێر:

ئەندامانی كۆنگرێس ھانی "جوزێف بایدن"یان دا بۆ "دووبارە ئاراستەكردنی" سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر بە دۆخی قەرەباغ و راگرتنی ھاریكارییە سەربازییەكانی بۆ ئازەربایجان.

ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا، ئادەم شیف، فرانك بیلۆن و جاكی سبیر نامەیەكیان لەم بارەوە ئاراستەی بایدن كرد، كە دەزگاكانی راگەیاندن بە براوەی ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا وەسفیانكرد.

بەپێی نامەكەی ئەندامانی كۆنگرێس، "ئەرمینیا بە ناوەندگیری رووسیا قبووڵی ئاگربەستی كردووە لە پێناو دووركەوتنەوە لە كوشتنی بەكۆمەڵی خەڵكی سیڤیلی ئەرمەنی، بەڵام لەسەر كیسی زیانی زۆر گەورە".

لەو نامەیەدا، كە لە سەر پێگەی شیف لە سەر ئێنتەرنێت بڵاوبووەتەوە، ھاتووە: "لە كاتێكدا پێشوازی لە ئاشتی دەكەین، بەڵام ھاوكات ھەست بە نیگەرانییەكی قووڵ دەكەین لە بەرامبەر ئەنجامە دەرھاوێشتەكانی مەودا نزیك و دووری ئەم رێككەوتنە، كە رەوشی یاسایی قەرباغ بەشێوەكی كۆتایی دەستنیشان ناكات".

بەپێی ئەنداماننی كۆنگرێس، ئیدارەی نوێی ئەمەریكا پێویستیی بە "راگرتنی ھاریكارییە سەربازییەكانیەتی بۆ ئازەربایجان، كە تێكڕای بەھاكەی بە درێژایی دوو ساڵی رابردوو دەگاتە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار"، ھەروەھا دەبێت دانوستانەكان لە ناو كۆمەڵەی "مینسك"ی سەر بە رێكخراوی ئاسایش و ھاریكاری لە ئەوروپا دەستپێبكرێنەوە و بەشداریكردن لە "دەستنیشانكردنی رەوشی ئایندەیی قەرەباغ بەشێوەیەك مافی چارەیخۆنووسین دابین بكات".

سەرچاوە: "نوفوستی"