محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: پێویسته كورد له به‌غدا بكشێته‌وه و كارته‌كانی به‌كاربهێنێت
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌بێ كورد كارته‌كانی فشاری هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته روو و ده‌ڵێت: پێویسته كورد له به‌غدا بكشێته‌وه و چیتر داوای پاره له عێراق نه‌كات و جه‌ختیشی كره‌وه، كارتی ریفراندۆم و به‌نداوه‌كانی ئاومن له‌به‌رده‌سته و نابێت چیتر له عێراق بپاڕێینه‌وه.
ئه‌م گوتانه‌ی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له میانه‌ی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 هاتوون و سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ش كه پێشتر رێكه‌وتنێك له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا بۆ ناردنی 320 ملیار وه‌ك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كرابوو، ئاخۆ دوای ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مانی عێراق روویدا، ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنێكی دیكه له‌نێوانیان بكرێت به‌غدا پێیه‌وه پابه‌ند ده‌بێت؟ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود گوتی: "ئێستا كورد له به‌غدا به هاوبه‌ش دانانرێت به‌ڵكو به‌شداری پێ ده‌كرێت، له ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌ران وا تێگه‌یشتوون كه كورد لیستێكه له عێراق، له‌كاتێكدا كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه له عێراق نه‌ك لیست، بۆیه من له‌و باوه‌ڕه‌دام عێراق پابه‌ندی هیچ رێكه‌وتنێك نابێت له‌گه‌ڵ كورد و پابه‌ند نابن به ده‌ستووری عێراقیشه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له‌كاتی تێپه‌ڕاندنی یاسای حه‌شدی شه‌عبی كورد ده‌نگی بۆ دا، به‌ڵام بۆ پێشمه‌رگه لایه‌نه عێراقییه‌كان ئاماده نه‌بوون ده‌نگی بۆ بده‌ن، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌یاسای بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش به‌بێ خواستی كورد و به فره‌بازنه‌یی تێپه‌ڕێنرا، دواجاریش پڕۆژه‌یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌بێ كورد تێپه‌ڕێندرا، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر كورد به‌مشێوه‌یه له به‌غدا به‌رده‌وام بێت، كاری زیاتر له دژی ده‌كرێن".
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود هۆكاری ئه‌و كارانه‌ش كه له په‌رله‌مانی عێراق دژ به كورد ئه‌نجام ده‌درێن، بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه تا ئێستا كورد له به‌غدا یه‌كده‌نگ نه‌بووه و هه‌میشه له‌وه ترساوه لایه‌نێك بیكات و لایه‌نه‌كه‌ی دیكه له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "به‌شێك له لایه‌نه كوردییه‌كان له به‌غدا به‌رده‌وام هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه داوه، ئه‌وه روو بدات كه ئێستا روویدا".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "هه‌رچه‌نده جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه كورده، بۆ مافه‌كانی گه‌لی كورد له په‌رله‌مانی عێراق پاڕایه‌وه و ئه‌و پاڕانه‌وه‌یه بۆ خۆی نه‌بوو به‌ڵكو بۆ كورد بوو، به‌ڵام ده‌بوایه له‌جیاتی ئه‌و پاڕانه‌وه‌یه په‌نجه‌ی لێ راوهشاندبایه و خوداحافیزیی لێكردبان، چونكه ئه‌مه تاكه شێوازی شایسته‌یه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان".
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود به سه‌رسوڕمانه‌وه گوتی: "له‌كاتێكدا به‌غدا قوتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ببڕێت، مانه‌وه‌ی كورد له په‌رله‌مانی عێراق چ تایبه‌تمه‌ندیی و مانایه‌كی ده‌بێت!! بۆچی له‌به‌غدا بن؟" و دووپاتیكرده‌وه، "من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ده‌بێت كورد به‌یه‌كجاری له به‌غدا بكشێته‌وه و له هه‌رێمی كوردستان خۆی رێكبخاته‌وه".
هه‌وره‌ها گوتی: "من دژی ئه‌وه نیم كه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام بێت، با گفتوگۆ هه‌بێت و شاندیش بۆ به‌غدا بنێرن و له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا بن، به‌ڵام با ئه‌و كاره له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئه‌نجام بده‌ن" و گوتیشی: "پێویسته شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وروپا و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش بكه‌ن و هه‌موو لایه‌ك له‌و پرسه تێبگه‌یه‌نن، كه عێراق پابه‌ندی ده‌ستوور نییه و زوڵم له كورد ده‌كات و هه‌وڵی ده‌ركردنی كورد ده‌دات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و چیتر باوه‌ڕی به‌وه نییه له‌پێناو پاره سووكایه‌تی به‌كورد بكرێت"، بۆیه وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه، "پێویسته كورد له به‌غدا بكشێته‌وه و له هه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و رێگه‌یه‌وه بتوانێت مووچه‌ی خه‌ڵك دابین بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا با له رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غداش به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام نه‌ك هه‌موو داهاته‌كانی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌و 320 ملیاره راده‌ستی به‌غدا بكرێت، كه مانگانه بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڕیاری له‌سه‌ر دراوه".
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود گوتی: "مردن باشتره له‌وه‌ی سوكایه‌تی به كورد بكرێت" و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان كارته به‌هێزه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌غدا به‌كاربهێنێت".
سه‌باره‌ت به كارته‌كانیش گوتی، "سه‌ره‌تا كشانه‌وه‌ی یه‌كجاری له به‌غدا و دواتریش داوای پاره له به‌غدا نه‌كرێت و ئه‌وه‌ی كورد هه‌یه‌تی له هه‌رێمی كوردستان بۆخۆی رێكبخاته‌وه و ئیداره‌ی ناوخۆی پێ بدات، سێیه‌میشیان هه‌موو جیهان له‌وه تێبگه‌یه‌ندرێت كه عێراق پابه‌ندی ده‌ستوور نابێت، چواره‌م: ئێمه دوو به‌نداومان هه‌یه ئاوه‌كانیان له‌سه‌ر عێراق بگیرێته‌وه، پێنجه‌میش ئه‌وه‌یه كه كارتی ریفراندۆممان له‌به‌رده‌سته و ئاماده‌یه و ده‌بێت به‌كاربهێنین و نابێت چیتر ئه‌م دۆخه قبوڵ بكه‌ین".
سه‌باره‌ت به هاوهه‌ڵویستی سوننه‌كانیش له‌گه‌ڵ شیعه‌كان بۆ دژایه‌تیكردنی كورد له رێگه‌ی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود گوتی: "له بنه‌ره‌تدا سوننه دژی كورده، ئێستاش سوننه له شیعه زیاتر دژایه‌تی كورد ده‌كات، ئێمه زیاتر كیشه‌مان له‌گه‌ڵ سوننه‌یه، ئه‌و داوای ئاكرێ ده‌كات، داوای مه‌خموور و كه‌ركووك ده‌كات، داوای خانه‌قین و هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌كات، ماوه‌ی 80 ساڵه كێشه‌ی گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ سوننه هه‌بووه".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "سوننه به‌درێژایی مێژوو گه‌لی كوردی ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆمه‌ڵكوژ كردووه، ئه‌و سوننانه‌ی كه ئێستا له هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانین ئه‌گه‌ر پرسیاری كوردستانیبوونی كه‌ركووكیان لێ بكه‌یت، هه‌رگیز ئاماده نین به به‌ڵێ وه‌ڵام بده‌نه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه، كه ئه‌گه‌ر ته‌واوی داهاته‌كانی هه‌رێم به نه‌وتی و نانهوتییهكانیشهوه راده‌ستی به‌غدا بكرێن و قه‌واره سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ڵوه‌شێندرێته‌وه، عێراق هه‌ر رازی نابێت و به‌هانه ده‌گرێت، چونكه به‌غدا كوردی وه‌ك هێزێك له عێراق قبووڵ نییه، هه‌روه‌ك سه‌رده‌می به‌عس كوردیان وه‌ك هاووڵاتی پله دوو و سێ له عێراق قبووڵه".
گوتیشی: "كورد زه‌لیله له‌به‌غدا و نابێت ئه‌مه قبوڵ بكرێت و هه‌رچه‌ند په‌رله‌مانتارانی كورد ئه‌وه‌ی له توانایان بوو له دوایین كۆبوونه‌وه كردیان، به‌ڵام دوای ماوه‌ی 16 ساڵ له ناته‌بایی و پێچانه‌وه‌یان له به‌غدا، ئینجا یه‌كده‌نگییان نواند".
H.B