قەیرانی دارایی کەرتی تایبەتی لە عێراق پەکدەخات

بەهۆی قەیرانی دارایی رێژەی بێکاری لە عێراق لە ئاستێکی بەرزدایە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

قەیرانی دارایی و ئابووری كە چەندین ساڵە بەرۆكی عێراقی گرتووە، بووەتە ھۆكار كەرتی تایبەت پەكی بكەوێت و لە ئەنجامیشدا رێژەی بێكاری بەرزبێتەوە، لێكەوتەكانی ئەو قەیرانە تەنیا چینی فەرمانبەرانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو رەنگدانەوەی ئەو دۆخە لەسەر بازاڕ بە روونی دیارە و زۆربەی كەرتە ئابوورییەكان لە وڵاتەكە خەریكە سەرچاوە داراییەكانیان لەدەستدەدەن.

كەمبوونەوەی سەرچاوەی دارایی لە عێراق، بووەتە ھۆكار حكومەت بۆ چەندین مانگ، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دوابكەوێت، جگە لە خەرجكردنی شایستەی بەڵێندەران و ئەو كۆمپانیا و بازرگانانەی كە رێككەوتنیان لەگەڵ حكومەت ھەبووە، ئەوەش كاریگەری بەرچاوی لەسەر بازاڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە ھەبووە و توانای كڕینی لاواز كردووە، ئەمە بێجگە لە بەرزبووەنەوەی رێژەی بێكاری و ھەژاری، كە بوونەتە گەورەترین خەمی دانیشتووانی عێراق.

بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، ماوەیەكی زۆرە حكومەت چاوەڕێی رەزامەندی پەرلەمان بوو، بۆ ئەوەی یاسای پارەداركردنی كورتھێنانی دارایی پەسەند بكات،  كە لەم دواییەدا گۆڕانكاری لەسەر ئەنجامدرابوو، بەجۆرێك قەبارەی قەرزی داواكراو لە 41 ترلیۆن دینارەوە كە یەكسانە بە 34 ملیار دۆلار و پەرلەمان بەھۆی زۆری بڕەكەوە رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕی، بۆ نزیكەی 24 ترلیۆن دینار كە یەكسانە بە 20 ملیار دۆلار دابەزێندرا.

چاودێرانی ئابووری پێانوایە، چارەسەرەكان بۆ ئەو قەیرانەی كە ئێستا ھەیە، تەنیا بە دانەوی قەرزی فەرمانبەران نەبەستراوەتەوە، بەڵكو كەمبوونەوەی داكەوتنی سەرچاوە داراییەكان بە واتای سستبوونی بەردەوام و درێژ مەودا لە تێكڕای پەرەپێدانی ئابووری وڵات دەگەیەنێت.

ھەرچی قەبارەی بێكارییە، لە ئەنجامی وەستانی كارەكان لە كەرتی تایبەتدا، گەیشتووەتە سنووری 35%، ئەو قەیرانەش كە لەم دواییەدا لە ئەنجامی كۆرۆنادا دروستبوو، تێكڕای بێكاری زیاتر كردووە. سەرەڕای ئەوەی لە خراپی ئیدارەدانی ئابووری و گەندەڵی  كە بەھۆیەوە نزیكەی 50 ھەزار پڕۆژە لە كەرتی تایبەتدا چەندین ساڵە وەستاون. لە ماوەی رابردووشدا عەبدولزەھرە ئەلھنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو، قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت بووەتە ھەڕەشە لەسەر وەستانی نزیكەی 6250 پڕۆژە لە چەندین كەرتی جیاواز، بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەش پێویستیان بە 100 ملیار دۆلارە.