سیخوڕانی ئیسرائیل کەسی دووەمی قاعیدەیان لە تاران کوشت

کوشتنەکەی بە فەرمانی ئەمەریکا بووە

K24 - هەولێر

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی ئاشکرای کرد؛ ئەبو محەمەد مەسری، کەسی دووەمی رێکخراوی قاعیدە لەلایەن دوو کەسەوە لە شەقامێکی شاری تارانی پایتەختی ئێران تەقەی لێکرا و کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، رووداوەکە لە 7-8-2020 روویداوە، "دوو سیخوڕی ئیسرائیل بە فەرمانی ئەمریکا لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە لە شەقامێکی تاران تەقەیان لە ئەبو محەمەد مەسری کردووە".

ئەبو محەمەد مەسری، ناوی راستەقینەی عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵایە و تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی دوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەفریقا لە ساڵی 1998.

مەسری، یەکێک بوو لە سەرکردەکانی دامەزرێنەری رێکخراوی قاعیدە، لە رووداوەکەدا لەگەڵ کچەکەی، کە هاوسەری کوڕەکەی ئوسامە بن لادن بوو، کوژران.

مەسری لە ساڵی 2003ـەوە "لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەر بوو"، بەڵام بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری سەرچاوەیەکی لە هەواڵگریی ئەمەریکا کە ناوی نەهێناوە، "مەسری لە راستیدا لە ساڵی 2015ـەوە ئازادانە لە دەوروبەری تاران ژیاوە".

دیارترین ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ مەسری، تەقاندنەوەی دوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بوو لە ئەفریقا، هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەنزانیا و نایرۆبی لە هەمان کاتدا لە 7-8-1998 (هەمان بەروار کە مەسری تێدا کوژرا) لەڕێگەی دوو دوو لۆریی بۆمبڕێژکراو تەقێنرانەوە، لە ئەنجامی هەردوو تەقینەوەکەشدا زیاتر لە 200 کەس کوژران.

 

هـ.ر.