رێواز فایەق: لەبارەی یاساكەی پەرلەمانی عێراق دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع بكەین

"ھەرسێ سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دەبێ گفتوگۆ بكەین"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

سەبارەت بە پەسندكردنی یاسای قەرز و پەراوێزخستنی داخوازییەكانی كورد لە پەرلەمانی عێراق، كە یاساكە لەلایەن پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە بەبێ پەرلەمانتارانی كورد تێپەڕێندرا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع بكەین".

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پارەداركردنی كورتھێنانی مووچە لە رێگەی یاسایەكەوە بابەتێكە پێویستی بە ھەڵسەنگاندنە، سێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، لە روانگەی پەرۆشیان بۆ خەڵكی كوردستان، دەبێ ئەم بابەتە بە ھەند وەربگرن و مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع بكەن، پێویستە پێكەوە گفتوگۆ بكەین، بۆ ئەوەی بزانین چارەسەر چییە، مووچەخۆرێكی عێراق دوو مووچە پێكەوە وەردەگرێت، بەڵام چارەنووسی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دیارنییە. گرنگە سبەی كۆببینەوە و قسە لەبارەی ئەو پرسە بكەین و پەرلەمانیش ئیشی خۆی بكات و كۆبوونەوەی پەرلەمان لەوبارەوە بكرێت و ئەوكاتە بڕیاری پەرلەمان لەوبارەوە دەردەكەوێت".

جەختیكردەوە: "لەسەر ئەم پرسە چی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە پێویستە ئەوە بكرێت، لە پەرلەمانی عێراق زۆرینە دەنگی بەو یاسایە داوە، بە خواستی ئێمە نییە وەك كورد، كە پێكھاتەیەكی گرنگی عێراقە، بەڵام دواجار ئەوە بووە بە یاسا و دەبێ مامەڵە لەگەڵ یاسادا بكەین".

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، راشیگەیاند: "بانگێشتنامەمان بۆ ھاتووە، بۆ كۆبوونەوەی سبەی ھەرسێ سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان".

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24، دەربارەی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان  و ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی تووشی كۆرۆنا بوونە، رێواز فایەق گوتی: "تائێستا نزیكەی 35 پەرلەمانتار تووشی كۆرۆنا بوونە، لە دوایین كۆبوونەوە نەماندەزانی كامانە تووشی كۆرۆنا بوونە، لەبەر ئەوە دوو ھەفتە كۆبوونەوەكانمان راگرت، بۆ ئەوەی بۆمان دەركەوێت كامە پەرلەمانتار تووشی كۆرۆنا بوونە و نێنە كۆبوونەوەكان".

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 12/11/2020، پەرلەمانتارە شیعە و سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستی كورد  و بێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی كورد یاسای قەرزیان پەسند كرد. بەپێی ئەو ماددانەی لە یاسای قەرزدا هاتوون، کە سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەدژی وەستانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشێکی ئەو قەرزە وەربگرێت، دەبێت داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەستی بەغدا بکات، بەڵام ئەوان رازی نەبوون و هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، پەرلەمانتارانیش بە شیعە و سوننـەوە دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاساکەدا.