وەرزی داهاتوو رۆناڵدۆ لە خولێکی جیاواز دەبینن

دەنگۆیەکی بە هێز کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵیا، بووەتە ئامانجی یانەی نەسڕی سعوودی.


دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە چەند یانەیەکی سعوودی ئامادەن رۆناڵدۆ بە هەمان ئەو موچەیەی کە لە یۆڤێنتۆس وەردەگرێت بگوازنەوە ریزەکانیان، عەبدولرەحمان جەماز رۆژنامەنوسی دیاری سعوودی لە بەرنامەی حساد الریازی رایگەیاند یانەی نەسڕی وڵاتەکەیان زۆر نزیکە لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە و بە رێژەیەکی زۆر، دۆن وەرزی داهاتوو لە خولی سعوودیا یاریی دەکات و ئەو یانەیەش هەمان ئەو موچەیەی پێدەدات کە ئێستا لە خولی ئیتاڵی وەریدەگرێت.


ئەو رۆژنامەنوسە بە دڵنیاییەوە ئەو قسانەی کردووە و دەشڵێت، لە سەرچاوەیەکی ناو ئەو یانەیە زانیاریی دەستکەوتووە و چاوەڕێش دەکرێت بەم زووانە نوێنەرانی یانەی نەسڕ لەگەڵ بەرێوەبەری کارەکانی دەست بە گفتوگۆ کردن دەکەن.