رەوەندی كوردی لە دەرەوە سەركۆنەی ھێرشەكانی پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە دەكات

"ھێرشەكانی پەكەكە مەترسیشە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی و بژێوی و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان"

K24 – ھەولێر

رەوەندی كوردی لە دەرەوە لە راگەیەندراوێكدا سەركۆنەی ھێرشەكانی پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە دەكات و رایدەگەیەنێت "ھێرشەكانی پەكەكە جگە لە تێكدانی سەقامگیری هەرێمی كوردستان و دژایەتی دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلەكەمان، مەترسیشە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی و بژێوی و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان".

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "بەداخەوە، لەم بارودۆخە هەستیارە ئابووری و تەندروستی و سیاسیەی ناوچەكە بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی، گوێبیستی هەندێ لێدوان و كردەوەی هەڕەشە ئامێز و هێرش بردنە سەر هێزی پێشمەرگە دەبین، پێشمەرگە ئەو هێزەی كە ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی تێکشكاند .بە نەفەسی نانەوەی گرژی و ناتەبایی نیشتیمانی، لە لایەن پارتی كر ێكارانی كوردستان (پەكەكە)، ئەم جۆرە لێدوان و كردەوانە، جگە لە تێكدانی سەقامگیری هەرێمی كوردستان و دژایەتی دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلەكەمان، مەترسیشە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی و بژێوی و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان،و كاریگەری و دەركەوتەی نەرێنی دەبێت لەناو نێوەندە نێودەوڵەتیەكاندا" .

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: "ئێمە لە كاتێكدا پاڵپشتی خۆمان بۆ قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستووری و یاساییەکان و دەستكەوتە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی دەردەبڕین، لە هەمانكاتدا سەركۆنەی هەر كردەوە و دەست درێژیێك دەكەین كە زیانبە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانمان بگەیێنێت" .

داواش لە سەركردایەتی پەكەكە دەكەن: "رەچاوی هەستیاری بارودۆخی باشووری كوردستان و گوز ەران و بژێوی خەڵكەكەی بكەن. بۆ رێگەگرتن لە زیاتر تێكچوونی بارودۆخەكە و روونەدانی رووداوی نەخوازراوی تر، پێویستە واز لە دەستوەردانی كاروباری حكومەتی هەرێمی كوردستان بهێنن و روو لە مەیدانی راستەقینەی چالاكییەكانیان بکەن، كە باكووری كوردستانە، با كێشە و ناكۆكییەكان لە رێگای دیالۆگ و هەست بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیەوە چارەسەربكەن، ئاشتی و تەبایی ناو ماڵی كورد بپارێزن. نابێت بە هیچ شێوە و بیانوویێك ئەزموونی تاڵی شەڕی نەگریسی كورد و كورد دووبارە بكرێتەوە. سەردەم سەردەمی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەی كێشە و ناكۆكییەكانە".