مەسرور بارزانی: پشکی کوردستان لە بودجەی حکومەتی فیدراڵی پاداشت نییە، بەڵکو مافێکی خۆمانە

"ئەو پێشھاتە مەترسیدارە، پێویستە بە زووترین کات ڕاست بکرێتەوە"

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات پەسەندکردنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق بە بێ رەچاوکردنی داخوازییەکانی کورد، "پێشهاتێکی مەترسیدارە" و، دەڵێ "پشکی کوردستان لە بودجەی حکومەتی فیدراڵی پاداشت نییە، بەڵکو مافێکی خۆمانە".

لە بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە (12-11-2020) پەرلەمانتارانی شیعە و سوننـەی پەرلەمانی عێراق لەدژی داخوازییەکانی کورد یەکیانگرت و، دەنگیان بە یاسای قەرز دا، بەڵام ماددەیەک لە یاساکەدا هەیە کە لەدژی بەرژەوەندیی کوردە، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد دژی بوون.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 14-11-2020) لە زنجیرە تویتێکدا لەبارەی تێپەڕاندنی یاساکە لەڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانی و بێبەشکردنی کورد، دەڵێ "پشکی کوردستان لە بودجەی حکومەتی فیدراڵی، پاداشت نییە، بەڵکو مافێکی خۆمانە".

پێشتر لە مانگی هەشتی ئەمساڵ، هەولێر و بەغدا کە هەردووکیان بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی بەرچاوی بەهای نەوت، تووشی قەیرانی دارایی بوون و نەیاندەتوانی مووچەی فەرمانبەرانیان بە تەواوی بدەن، رێککەوتن لە بەرامبەر ناردنی بڕێک نەوتی مانگانە، حکومەتی فیدراڵی مانگانە 320 ملیار دینار بۆ هەولێر دەنێرێت، تاوەکو بەشێکی مووچەی پێ دابین بکات، بەڵام رۆژی پێنجشەممە ئەو رێککەوتنە لەلایەن پەرلەمانتارانی شیعە و سوننـە پشتگوێخرا.

سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باس لەوە دەکات، "پێشتریش باسمان کردووە، پەیوەندی ھەولێر و بەغدا پێویستە لەسەر بنەمای داننان بە ماف و ئەرکی ھەر لایەک بێت بە پێی دەستوور".

لە کۆتایی گوتەکانیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات "ئەو پێشھاتە مەترسیدارە، پێویستە بە زووترین کات ڕاست بکرێتەوە". هەروەها دەڵێ "ھێشتاش دەرفەت ماوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ستەمەی ئەنجام درا".

دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:

پشکی کوردستان لە بودجەی حکومەتی فیدراڵی، پاداشت نییە، بەڵکو مافێکی خۆمانە.
پێشتریش باسمان کردووە، پەیوەندی ھەولێر و بەغدا پێویستە لەسەر بنەمای داننان بە ماف و ئەرکی ھەرلایەک بێت بەپێی دەستور.
ئەو پێشھاتە مەترسیدارە، پێویستە بە زووترین کات ڕاست بکرێتەوە.
ھێشتاش دەرفەت ماوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ستەمەی ئەنجام درا.