بكوژانی ئەو دوو گەنجە دەستگیر كران كە شەوی رابردوو لە سلێمانی بە چەقۆ كوژران
K24 – سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد، ژمارەیەك كەسیان بە تۆمەتی شەڕە چەقۆی شەوی رابردووی نزیك مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەستگیر كردووە و دوو لەو تۆمەتبارانە دانیان بەوەداناوە كە دوو گەنجەكەیان كوشتووە.
سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوو كەس بە تۆمەتی كوژرانی ئەو دوو گەنجە دەستگیر كراون، كە شەوی رابردوو لەلای مزگەوتی گەورەی سلێمانی بە چەقۆ برینداركران و دواتر بەھۆی سەختی برینەكانیان گیانیان لەدەستدا، ئەو دوو تۆمەتبارە دانیان بە تاوانەكەیان داناوە، ھەروەھا دوو تۆمەتباری دیكە دەستگیر كراون، یەكێكیان لەگەڵ بكوژەكان دابووە و ئەوەی تریش لەگەڵ كوژراوەكەدا بووە، ئێستا بەندكراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".