ئایا تەنیا کوردستان نەوت لە دەرەوەی سۆمۆ دەفرۆشێت؟

Kurd24

ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا لە دەرەوەی سۆمۆ دەفرۆشێت ناگاتە نیوەی ئەو بڕە نەوتەی لە سەر سنوورەکانی ئێران و سوریا و کوێت بە دزی و رێکەوتنی دەرەوەی دامەزراوەکانی حکومەتی بەغدا دەفرۆشێت.

عێڕاق 24 کێلگەی بەرهەمهێنانی نەوتی هاوبەشی لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە هەیە کە نیوەی زیاتریان هاوبەشن لەگەڵ ئیران،12  کێلگەیان کە بە دەیان بیری نەوت لە خۆ دەگرن ئەکتیڤن و بەرهەمیان هەیە لەگەڵ ئێران هاوبەشن کە گرنگترینیان ئەو 5 کێلگەیەن ( فەکە،مەجنون یان کاڕون،ئەبو غەڕب،بەزرگان،نەفتخانە) بەرهەمی ئەو پێنج کێلگەیە کە نزیکەی ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانەیە لەلایەن عێڕاقەوە بۆ ئێران بەجێهێڵدراون و تەنها بۆ چاوبەستکردنی خەڵکی بڕێکی کەمی نەوتەکە بۆ عێڕاقە.

کێلگەی مەجنون(کاڕون) کە توانای بەرهەمهێنانی 70,000 بەرمیلی رۆژانە بوو لە لایەن ئێرانەوە بۆ 400,000 بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزکرایەوە و تەواوی بەرهەمەکەی بۆ ئێرانە،هەروەها کێلگەی فەکە کە لە ساڵی 2009 وە لەلایەن ئێرانەوەوە بە تەواوی دەستی بەسەرداگیراوە لەلایەن کۆمپانیای ئەندازە و پەرەپێدانی نەوتی ئێرانی لە رێگای گرێبەستێک لە گەڵ کۆمپانیای بتڕۆبارس بەرهەمهێنانەکەی لە رۆژێکدا گەیاندۆتە 320,000 بەرمیل و پلانیان وایە بەرهەمەکەی بگاتە نزیکەی 500,000 بەرمیل لە رۆژێکدا.

لە نزیک سنووری ئێران 3 کێلگەی دیکەی نەوتی گرنگ هەنە بە ناوەکانی نوڕ، ئابان و بەیدەر غەڕب کە تەواوی بەرهەمەکانیان لە رێگای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سوپای پاسداران ساغ دەکرێتەوە.

لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنباڕ و لە نزیک شاری دێرئەلزوڕی سوریا کێلگەیەکی نەوتی هەیە کە بە براورد بە کێلگەکانی دیکە بچوکە و بەرهەمی رۆژانەی لە خوار 100,000 بەرمیلە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە مامەلەی پێوە دەکرێ و نەوتەکەی دەفرۆشرێتەوە حکومەتی سوریا و پارەکەشی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران دەچێ.

لە کێڵگە هاوبەشەکانی نێوان عێڕاق و کوێت چیڕۆکەکان جیاوازترن لە بەرهەمهێنان و داهاتی 3 گەورەترین کێلگەی نەوتی هاوبەشی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە زۆرینەی بەرهەمەکەی بۆ کوێت دەڕوا بەڵام بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەو هێزە شیعیانەی لە پارێزگای بەسڕە دەسەڵاتیان هەیە بەوەی بەشێک لە پارەی ئەو نەوتەیان بۆ دەگەڕێتەوە،جگە لەوەش لە بەندەرەکانی فاو و ئۆم قەسڕ ئەو بۆڕیە نەوتانەی کەشتی بارهەڵگرەکانی نەوت پڕ دەکەن ناوی بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان و میلیشیاکانیان لەسەرە نەک ژمارە و پیت کە کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێڕاقی(سۆمۆ) لەسەری داناون،ناوە دیارەکانی ئەو بۆڕیانە (مەرجعیە،ئالحەکیم،حزبی دەعوە،بەدر،عەسائب و هەندێکی دیکە) کە بەشیان لە فرۆشی نەوت هەیە.

بە گوێرەی راپۆرتەکانی وەزارەتی نەوتی عێڕاق تا ئێستاش رۆژانە لە کەرکوک 150,000 بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرێ بەڵام پارەکەی ناچێتەوە ناو گەنجینەی دەوڵەت و لە رێگای سۆمۆشەوە نافرۆشرێ،چونکە بەشێکی لە ناوخۆی عێڕاق لەلایەن میلیشیاکانەوە ساغ دەکرێتەوە و بەشەکەی دیکەشی بە تانکەر بۆ ئێران دەچێ کە وەک شیرینی بەو لایەنانە دراوە کە لە داگیرکردنەوەی کەرکوک هاوکاری حەشد و سوپای پاسدارانیان کرد.