چیرۆكی زاڵبوونی دوو ھاوسەری بەتەمەن بەسەر كۆرۆنا

"لە دەرگای حەوشەی ماڵ نەچوومەتە دەرەوە و نازانم چۆن تووشبووم"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

کوردستان24 چیرۆکی دوو ھاوسەری بەتەمەن  دەگێڕێتەوە، کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و دواتر چاکبوونەتەوە ، ئەو دوو ھاوسەرە یەکێکیان تەمەنی 86 ساڵە و ئەوەی دیکەیان 78 ساڵانە، پاش تێپەڕاندنی ڤایرۆسەکە ئێستا دۆخی تەندروستیان جێگیرە.

چەندین نەخۆشی دیکەی تووشبووە، بەڵام ھیچیان ھێندەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاری تێنەکردووە. حاجی حەبیب تەمەنی 86 ساڵە، بەھۆی تەمەنیەوە ماوەی چەند ساڵێکە زۆر ناتوانێت بچێتە دەرەوە، کاتێک ھەواڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبیستێت خۆی دەپارێزێت و لە ماڵ ناچێتەدەر، بەڵام دواتر کۆرۆنا ھەر دێتە ماڵیان و خۆی و ھاوسەرە بەتەمەنەکەی تووش دەبن. وەكخۆی دەڵێ کاتێک ھەستی بە کۆمەڵێک نیشانە کردووە، منداڵ و نەوەکانی دەیبەن بۆ پشکنین و دەردەکەوێت ھەڵگری ڤایرۆسەکەیە، تووشی کۆکەیەکی توند دەبێت، بەڵام بەو ئیرادە بەھێزەی ھەیبووە، ئێستا دۆخی جێگیرەو ڤایرۆسەکەی تێپەڕاندووە.

لەبارەی تووشبوونی بە كۆرۆنا حاجی حەبیب مەحموود، بە كوردستان24ی گوت: "خۆشم نازانم چۆن تووشبووم، چونكە من لە دەرگای حەوشەی ماڵەكەم تێنەپەڕیوم، بەڵام كە تووشبووم نەترسام، مردن لە ئیرادەی خودایە".

مەعسومە حەمە عەلی، ھاوسەری حاجی حەبیبیش تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، ئەوان تەنھا پێکەوە لەم ماڵەدا ژیان دەگوزەرێنن، ھەرچەندە دۆخی تەندروستی مەعسومە خان لە حاجی حەبیب خراپتر دەبێت، بەڵام دەڵێت لە کاتی نەخۆشیەکەیدا ھەر دڵی لای حاجی حەبیبی ھاوسەری بووە.

ئەلمەن بەكر، پزیشکە و نەوەی حاجی حەبیب و مەعسومە خانە، کاتێک دەبیستێت نەنک و باپیری تووشی کۆرۆنا بوونە لە 20ی ئەیلوولەوە تا چەند رۆژێک پێش ئێستاش ھەر خزمەتی کردوون، ئەو باس لە دۆخی تەندروستیان دەکات کە  نزیکەی 50 رۆژ نەنک و باپیری ئازاری کۆرۆنایان چەشتووە.

لە کاتی نەخۆش کەوتنی ئەو دوو ھاوسەرە بە تەمەنە کچ و کوڕەکانیان بە بەردەوامی و رۆژانە 24 کاتژمێر چاودێریان کردوون، بەڵام لە ھەمووی گرنگتر ئەو ئیرادەو بڕوا بە خۆبونەبووە کە ئەو دووھاوسەرە لە کاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ھەیانبووەو دواتر توانیویانە ژیانی ئاساییان دەست پێبکەنەوە.