فارس عیسا: عەقڵیەتی ئێستای عێراق كوردی قبوڵ نییە

"عەقڵیەتی ئیدارەدانی عێراق شكستی خواردووە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا رایدەگەینێت ئەو عەقڵیەتەی لە بەغدا ھەیە و حكوم دەكات ھەرێمی كوردستانی قبوڵ نییە. ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دژی خەڵكی كوردستان روویدا پێشھاتێكی مەترسیدارە و ئەگەر ئەم عەقڵیەتە بەمشێوەیە مامەڵە بكات و بەردەوام بن لەسەر دژایەتی كردنی كوردستان ئەوا لە داھاتوو ھەرشتێكیان بووێ دەتوانن دژی كوردستان ئەنجامی بدەن.

نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا بە كوردستان24ی گوت: "عەقڵیەتی ئیدارەدانی عێراق شكستی خواردووە، ئەوان دەیانەوێت شكستەكانی خۆیان بخەنە ئەستۆی ھەرێمی كوردستان".

گوتیشی: "لە دوای ساڵی 2003 خەڵك چاوەڕوانی ئەوەبوو عێراقێكی نوێ بنیات بنرێت و زوڵم و ستەم نەمێنێ، بەڵام ئەو عەقڵیەتەی لە بەغدایە كورد قبوڵ ناكات، ترس تەنھا ئەوە نییە كە ئێستا یاسایەكیان بە زۆرینە تێپەڕاندووە، كە كێشەیەكی ئیدارییە، بەڵام مەترسییەكە لە مەبدەی ئەو لایەنانەیە بۆ داھاتوو، ھەر شتێكیان ویست بە ئارەزووی خۆیان یاساكەی تێپەڕێنن".

فارس عیسا، ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەوەی كراوە نابێ قبوڵ بكرێت، چونكە دەبێتە سەرەتاییەكی خراپ و یاساكانی دیكەش بەبێ رەچاوكردنی مافە رەواكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان تێدەپەڕێنن، خەڵكی كوردستان بۆ ئەوە خەباتی كردووە دەسەڵاتێكی باشتر لە عێراق ھەبێت، نەك ملكەچی ئەو بڕیارانە بێت كە لە دژی دەدرێن".