قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر عێراق لە 160 ملیار دۆلار زیاترە

قەرزی گشتی سەر حکومەت بەرزدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، قەبارەی قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 160 ملیار دۆلار.

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق روونیدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا بۆ خەرجکردنی مووچە پەنا بۆ قەرزکردن کراوە، قەرزی گشتی سەر حکومەت بەرزتربووەتەوە.

عەبدولهادی موحان سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، قەرزی دەرەکی کە لەسەر عێراق کەڵەکەبووە لە نێویشیاندا، قەرزی یانەی پاریس و قەرزەکانی کوێت و جەنگی عێراق و ئێراق گەیشتووتە 136 ملیار دۆلار.

 ئاماژە بەوەشدا، لە دوای ساڵی 2014ـەوە بەهۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان قەبارەی قەرزی گشتی بەرزتربووەتەوە، بەوەش قەرزی گشتی گەیشتووەتە سەرووی 160 ملیار دۆلار و زۆربەشی قەرزی دەرەکییە بە سوودێکی زۆر بەرز.

ساڵی 2019 عێراق توانی نزیکەی 14 ترلیۆن دینار قەرز بە سوودەکانییەوە بداتەوە، ئەو پەرلەمانتارە هۆشداری دەدات لەوەی بەردەوامی پەنابردن بۆ قەرز وڵاتەکە دووچاری مایەپووچ بوون دەکاتەوە.