ھەناری ھەڵەبجە گەیشتە بەریتانیا

بارێكی دیكەی ھەناری ھەڵەبجە رەوانەی دەرەوە دەكرێت

K24 – ھەڵەبجە

ھەناری ھەڵەبجە ھەناردەی دەرەوەی وڵات كرا و بارێكی ھەنارەكان گەیشتە بەریتانیا، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داھاتوودا بارێكی دیكەی ھەناری ھەڵەبجە رەوانەی ھەمان وڵات بكرێت.

لەگەڵ گەیشتنی ھەناری ھەڵەبجە بۆ بەریتانیا ژمارەیەك لە كوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بوونەتە یەكەم كڕیاری ھەنارەكان.

فەرەیدون نامدار، خاوەنی کۆمپانیایی هەڵەبجە كە ھەنارەكانی ھەڵەبجەی ھەناردەی بەریتانیا كردووە بە كوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا 16تۆن و 750 کیلۆ بۆ وڵاتی بەریتانیا ھەناردە کراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "باری ھەنارەكان ماوەی 13 رۆژە بەڕێگاوە بووە، بڕیارە دوو رۆژی داھاتوودا بارێکی دیکەی ھەناری ھەڵەبجە رەوانەی هەمان وڵات بکرێت".

پێشتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان لە فێستیڤاڵی ھەنار و بەروبومە خۆماڵییەكان لە ھەڵەبجە رایگەیاندبوو، لەگەڵ كونسوڵخانەی فەرەنسا لە گفتوگۆدان، بۆ ئەوەی ھەناری ھەڵەبجە ھەناردەی وڵاتی فەرەنسا بكەن.