واژۆ بۆ لەسەرکارلادانی حەلبووسی کۆدەکرێتەوە

"تا ئێستا 140 پەرلەمانتار واژۆیان كردووە"

K24 - ھەولێر

ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق واژۆ بۆ لەسەرکار لادانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەکەنەوە.

سەرکردەیەک لە بەرەی عێراقییە بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجەیفی رایگەیاند، 140 واژۆ بۆ لەسەرکار لادانی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆکراوەتەوە و چەند فراکسیۆنێکیش پشتیوانی ئەم هەوڵەی بەشێک لە سوننەکان دەکەن.

ئەو سەرکردەیە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لە بەرەی عێراقییە، کە 38 ئەندامن، هەریەک لە هاوپەیمانێتییەکانی دەوڵەتی یاسا، فەتح و نەسر، لەگەڵ دوورخستنەوەی حەلبوسی دان، هەر بۆ ئەم مەبەستە، گفتوگۆ لەگەڵ فراکسیۆنەکانی سائیرون و حیکمەش دەکرێت.