ئازەربایجان ماوەی 10 رۆژی دیكەی بە ئەرمینیا دەدات بۆ چۆڵكردنی ناوچەی كلیبجار لە قەرەباخ

K24 – ھەولێر:
ئازەربایجان رایگەیاند، باكۆ لە بەر ھۆكاری مرۆيی رازی بووە لەسەر دەرفەتدان بە ئەرمینیا درێژ بكاتەوە تاوەكۆ 25ى ئەم مانگە، بۆ ئەوەی ناوچەی كلیبجار لە سەربازەكانی چۆڵ بكات.
حیكمەت حاجیێڤ، یاریدەری سەرۆكی ئازەربایجان، ئەمڕۆ یەكشەممە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: باكۆ رازی بووە لەسەر دەرفەتدانێكی زیاتر بە یەریڤان بۆ كشاندنەوەی ھێزەكانی لە ناوچەی كلیبجار لە قەرەباخ تا وەكو 25 تشرینی دووەم.
حاجیێڤ گوتیشی: " پێشتر دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا، ئەم داواكاریەیان له ڕێگهی لایەنی رووسییهوه پێشكەش كردبوو". روونیشیكردەوە، داوای دواخستنەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كه "توانای ئەو رێگایەی لە ناوچەی كلیبجار بەرەو ئەرمینیا دەچیت؛ كەمە و بەس نییە".
سەرچاوە "تاس"