رێكەوتنی بازرگانی ئازاد بە سەرۆكایەتی چین بۆ 20 ساڵ 90% باجی گومرگی كەمدەكاتەوە

رێككەوتنەكە چین و 14 وڵاتی دیكەی ئاسیا و زەریای ئارام دەگرێتە خۆی

K24 – ھەولێر:

ھەر یەك لە چین و 14 وڵاتی دیكەی ئاسیا و زەریای ئارام، ئەمڕۆ یەكشەممە، گەورەترین رێكەوتنی بازرگانی ئازادیان لە جیھان واژووكرد.

ئەو رێكەوتنەی ناونرا "ھاوبەشی گشتگیری ئابووری ھەرێمی" لە لایەن 10 وڵات، لە ھاوبەندی دەوڵەتانی باشووری رۆژھەڵاتی ئاسا (ئاسیان)، لەگەڵ ھەر یەك لە چین، ژاپۆن، كۆریای باشوور، نیۆزلەندا و ئوسترالیا واژووكرا.

ئەو 10 وڵاته‌ی ئەندام لە (ئاسیان) ھەریەك لە (برۆنای، كامبودیا، ئێندۆنیزیا، لاوس، مالیزیا، میانمار، فلپین، سینگاپوورە، تایلەند و ڤێتنام)ن.

ئامانج لەو رێكەوتنەی ئەو وڵاتانه‌، كە چارێكی ھەناردەكارانی جیھان پێكدنێن، لابردنی باجی گومرگییە لەسەر ھەندێك كاڵا و كەمكردنەوەیەتی لەسەر ھەندێكی دیكە و كەمكردنەوەی تێچوو و ئاسانكردنی كاری كۆمپانیاكان له‌رێگه‌ی رێپێدانیان بە ھەناردەكردنی بەرھەمەكانیان بۆ ھەر وڵاتێكی ئەندام لەو رێكەوتنە، بەبێ ئەوه‌ی پێویستییان بە پابەندبوون بە پێداویستییەكانی جیاجیای ھەر وڵاتێك ھەبێت.

رێكەوتنی ھاوبەشی ئابووری ھەرێمی، وادەكات باجی گومركی لە ناوچەی بازرگانی ئازاد بۆ 90% كەم بێتەوە بۆ ماوەی 20 ساڵ، دوای ئەوەی رێكەوتنەكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەم رێكەوتنە ئابوورییەی ئەمڕۆ واژووكرا، رەوشی چین وەك ھاوبەشێكی ئابووری لە باشووری رۆژھەڵاتی ئاسیا، ژاپۆن و كۆریا بەھێز دەكات و دووەم زلئابووری جیھان دەخاتە پێگەیەكی باشتر بۆ داڕشتنی بنەماكانی ئابووری لە ناوچەكەدا.

ڤێتنام گوتی: ئەم ھاوبەشییە 30%ی ئابووری جیھان دەگرێتە خۆی و ھەمان رێژە لە دانیشتوانی جیھانی ھەیە و دەگاتە 2.2 ملیار بەكارھێنەر.

وەزارەتی دارایی چین گوتی: بەڵێنەكانی ئەم قەبارە نوێیە ژمارەیەك باجی گومرگی لە نێو كۆمەڵەكەدا لادەبات و ھەندێك لەمانە یەكسەرە دەكرێن و ھەندێكی دیكەش لەماوەی 10 ساڵدا ئەنجامدەدرێن.