عەرەبی ھاوردە بەرۆكی جوتیارانی كورد بەرنادەن

عەرەبی ھاوردە 1500 دۆنم زەوی دیكەی كشتوكاڵی كەركووك داگیر دەكەن

K24 – ھەولێر:

لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر عەرەبە هاوردەکان 1500 دۆنم زەوی جووتیارانی کوردیان لە گوندی عەمشەی سەر بە شاروچکەی دووبز داگیرکردووه‌. ئێستا 500 دۆنمی دیکەی زەویان داگیرکردووە و سەرقاڵی درووستکردنی خانوون لەسه‌ر ئه‌و زەویانە. جووتیارانی کورد سکاڵایان تۆمارکردووە؛ بەڵام باوەڕیان بە دادگا و یاسا نیە و پێیانوایە عەرەبەکان بە پاڵپشتی دەسەڵات و دادگاکان هاتوونە ناوچه‌كه‌ و پلانێکیشە بۆ دەرکردنی کورد لە سنوورەکە.

عەرەبی هاوردە پلانی تەعریب جێبەجێدەکەن، بەبێ ترس لەنێو زەوی و زاری جووتیارانی کورد دەستیان بە درووستکردنی خانوو کردووە. زەوییەکە لە گوندی عەمشەی سنووری شاروچکەی دووبزە. لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر1500  دۆنمیان داگیرکرد و خانوویان لەسەر درووستكرد، ئێستا500  دۆنمی دیکەیان داگیرکرد. مام نادر خاوەن زەوییەکەیە و لەدوورەوە بەبێ دەسەڵات سەیری دەکات.

کازم هەمەوەندی، کوێخای گوندی عەمشەیە و هەوڵەکانی خستووه‌تەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەو بەڵگەی خاوەندارێتی زەوییەکە و لیستی ناوی سەرجەم عەرەبە هاوردەکانیشی لایە، کە تائێستا دوو جار قەرەبوویان وەرگرتووە.

گوندی عەمشە سەر بە شاروچکەی دووبزە. بەدووری 30 کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای کەرکووك، دانیشتوانەکەی 58 خێزانن و سەرجەمیان کوردن و لەسەردەمی رژێمی پێشوو کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تەعریب، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەریشەوە هەمان سیاسەت لە دژیان پەیڕەو دەکرێت.