بەشێك لە بازرگانان ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا ھاوردە دەكەن

ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان لە دەرەوەی پێشانگاكانی دەفرۆشرێن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە بەشێک لە دەروازە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت ئەو مەرزانەی سەر بە سنووری پارێزگای سلێمانین کۆمەڵێک بازرگان ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە وڵاتانی دوبەیی و ئێرانەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لە بازاڕەکان ساخ دەکرێنەوە، ئەو کەسانەشی کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەن دەڵێن، لەناو پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئەو ئۆتۆمبێلانە مامەڵەیان پێوە ناکرێت، بەڵکو لە دەرەوەی پێشانگاکان ساغ دەکرێنەوە.

لە پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، چەندین جۆر ئۆتۆمبێل كڕین و فرۆشتینیان پێوەدەكرێت، لە وڵاتان ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراون، ئەو ئۆتۆمبیلانەش مەرج و تایبەتمەندێتی خۆیان ھەیە کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ھاوردەکردنیان دیاریکراوە، بەڵام بەدەر لەوانە لە بەشێك لە دەروازە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت ئەوانەی سەر بە پارێزگای سلێمانین ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا ھاوردە دەکرێن، کە ھیچ زانیارییەکی لەسەر نیە و ناسنامەی فەرمی نییە، تا مامەڵەی فەرمی پێوە بکرێت، بازرگانێکی ھاوردە کردنی ئۆتۆمبێل دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانە لە ناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلدا مامەڵەی پێوە ناکرێت، چونکە کێشە بە دوای خۆیدا دەھێنێت.

بەو پێەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لەناو پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا مامەڵەی پێوە ناکرێت، کاریگەری لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل نییە، نزیکەی ساڵێکیش پێش ئێستا حکومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا کە سەرجەم ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تابلۆیان پێبدرێت، بەڵام ئێستا ئەو بڕیارە وەستێندراوە.

بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەتی ھەرێمی كوردستان ئێستا تەنیا رێگە بە ھاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدرێت کە دروست کراوی ساڵانی 2019 و 2020 و 2021، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانەی بە قاچاخ دەھێندرێن، بەشێکیان دروست کراوی ساڵانی رابردوون.