سێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدان

گفتوگۆ لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای قەرزی عێراقی دەكرێت
kurdistan24.net

K24 ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای قەرزی عێراقی دەكرێت، كە لە دوایین كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەبێ لەبەرچاوگرتنی خواستی كورد تێپەڕێندرا.

پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان كۆبوونەوەیەكی راوێژكارییە، ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكەین، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشھاتە".

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: "ئەو كۆبوونەوەی بڕیاربوو لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و ئەندامانی كورد لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیرەكانی كورد لە حكومەتی عێراق بكرێت بۆ كاتێكی دیكە دواخرا، تا زەمینەیەكی لەبار دەڕەخسێت، چونكە ئامانجی سێ سەرۆكایەتی ھەرێم ئامانجی ئەوەیە بەرجەستەی ھەمان ئەو یەكدەنگییە بكەن كە لە ئەنجومەنی نوێنەران ھەیانبوو، دژی تێپەراندنی یاساكە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ھەمووان بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن".

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 12/11/2020، پەرلەمانتارە شیعە و سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستی كورد  و بێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی كورد یاسای قەرزیان پەسند كرد. بەپێی ئەو ماددانەی لە یاسای قەرزدا هاتوون، کە سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەدژی وەستانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشێکی ئەو قەرزە وەربگرێت، دەبێت داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەستی بەغدا بکات، بەڵام ئەوان رازی نەبوون و هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، پەرلەمانتارانیش بە شیعە و سوننـەوە دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاساکەدا.

سێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدان
سێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدان
سێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدان