وەزارەتی تەندروستی: راگرتنی دەوامی قوتابخانەكان رۆڵی ھەبوو لە كەمكردنەوەی ژمارە تووشبووانی كۆرۆنا

"ژمارەی ئەو نەخۆشانە زۆرە كە باری تەندروستیان ناجێگیرە"

K24 – ھەولێر

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشكرای كرد، راگرتنی دەوام لە قوتابخانەكان رۆڵی گرنگی ھەبووە لە كەمكردنەوەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "راگرتنی دەوامی قوتابخانەكان و توندكردنی رێكارەكان، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنای لە ھەرێمی كوردستان كەمكردووەتەوە، دەتوانین بڵێین ئێستا رەوشەكە تاڕادەیەك باشترە".

گوتیشی: "ئەوەی نیگەرانی كردووین بوونی دۆخی خراپی نەخۆشەكانە لە نەخۆشخانەكان، ئێستا ئەو تووشبووانە زۆرن كە باری تەندروستیان ناجێگیرە، ئەگەر ئەو رێژەیە كەم نەكەینەوە، ژمارەی مردووان زیاد دەبێت یان وەك خۆی بە بەرزی دەمێنێتەوە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئاماژەی بەوەشكرد: "لە رۆژانی داھاتوو كۆبوونەوەی وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكرێت، بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخەكە و ئەو بڕیارانەی كە لە كۆبوونەوەی رابردوو دراون".