كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

ھێمن ھەورامی: حكومەتی ھەرێمی كوردستان راپۆرتێكی چڕ و پڕ دەداتە پەرلەمان
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

بڕیاربوو سبەی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی شاندی دانووستانكاری حكومەتی ھەرێم بۆ بەغدا كۆببێتەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ پێشھاتەكانی تێپەڕاندنی یاسای قەرزی عێراقی بكەن و شاندی حكومەتی ھەرێم ئەو دۆكیۆمێنتانە بخاتەڕوو كە لە رێككەوتنەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق واژۆ كراون، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی دیكە دواخرا و پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە حكومەتی ھەرێمی كوردستان راپۆرتێكی چڕ و پڕ دەداتە پەرلەمان.

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانى كوردستان بڕیاریدا به ‌دواخستنی دانیشتنی ژماره‌ (10)ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی دووه‌م له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ كاتێكی تر، كه‌ بڕیاربوو كاتژمێر (11)ی پێشنیوه‌ڕۆى رۆژی سێشه‌ممه‌‌ رێكه‌وتى 2020/11/17 به‌ڕێوه‌بچێت.

ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئاگاداریان كردینەوە كە پێویستیان بە كاتی زیاترە، بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێكی چڕ و پڕ، بۆ ئەوەی راپۆرتەكە بدەینە پەرلەمانتار و لیژنە تایبەتمەندەكان، بۆیە بڕیارماندا كۆبوونەوەكەی سبەی دوابخەین".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە راپۆرتەكەدا ھەموو قۆناغەكانی دانووستان لەگەڵ حكومەتی عێراق و ئەو نووسراوانەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاراستەی حكومەتی عێراقی كردون، ھەروەھا وەڵامی حكومەتی عێراق و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەخرێتەڕوو، بۆ پەرلەمانی كوردستان رەوانە دەكرێت".

ھێمن ھەورامی، جەختیكردەوە: "راپۆرتەكەی حكومەت دەدەینە لیژنەی دارایی و لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و ھەموو فراكسیۆنەكان، ئەو كات بڕیار دەدەین ھەر كاتێك كە دانیشتنی پەرلەمان بكەین، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەو راپۆرتە بكرێت كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی دەنێرێت".