عێراق 230 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کوێت دەداتەوە

دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلار قەرەبوو ماوە بیداتەوە

K24 - ھەولێر

لیژنەی قەرەبووکردنەوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی رابردوو عێراق بڕی 230 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو بە کوێت داوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە لیژنەکە رایگەیاندووە، لە گەڕی 87ـی ئەنجومەنی کارگێڕی لیژنەکەیان کە مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، تێیدا هەوڵەکانی عێراق بەرز راگیرا، کە پابەندە بە پێدانی 3% داهاتی فرۆشی نەوت بە سندووقی قەرەبووکردنەوەکان.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە عێراق، ملیارێک و 380 ملیۆن دۆلاری بە کوێت داوەتەوە، لە 27ـی مانگی رابردووش 230 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە، بەوەش تەنیا دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلار قەرەبوو ماوە بیداتەوە.