مسته‌فا كازمی بڕیاری داخستنی ده‌روازه سنوورییه نا فه‌رمییه‌كانی ده‌ركرد
.jpg)
K24- هه‌ولێر:
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی راسپارد، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روازه سنوورییه نافه‌رمییه‌كان دابخه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌پێناو رێگریكردن له كاری قاچاغچیه‌تی له‌و ده‌روازانه و زیانگه‌یاندن به ئابووری نیشتمانی و پارێزگاریكردن له به‌رهه‌می ناوخۆیی.
له‌وباره‌یه‌وه ده‌سته‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "كازمی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر زیادكردنی توانای مرۆیی بۆ ده‌سته‌كه‌یان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سه‌ر به ده‌زگای هه‌واڵگری بگوازرێنه‌وه سه‌ر میلاكی ده‌سته‌كه‌یان" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "كازمی جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ده‌سته‌كه‌یان به‌و بڕیارانه كردووه‌ته‌وه، كه له كۆبوونه‌وه‌كاندا ده‌ركراون و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌سته و پارێزگا په‌یوه‌ندیداره‌كان به ده‌روازه سنوورییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق دووپاتی كردووه‌ته‌وه، پێویسته گرنگیی به به‌ره‌وپێشبردنی ده‌روازه سنوورییه‌كان و هاندانی وه‌به‌رهێنان له‌و ده‌روازانه و په‌له‌كردن له پرۆسه‌ی رێكاره‌كانی گومرگی كردووه‌ته‌وه، له‌پێناو نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ئیداری و دارایی".
H.B