كارگهیهك له شارهزوور بە شێوازێكی جیا تراكتۆر درووستدەكات
K24 – ههڵهبجه:
لە شارەزوور ھاووڵاتییەك كارگەیەكی بچووكی داناوە و رۆژانە لە تراکتۆر و کەلوپەلی ئۆتۆمبێلی کۆن دووبارە بە شێواز و دیزاینی جیاواز تراکتۆر درووستدەکات و لە چوار مانگدا 60 تراکتۆریان درووستکردووە و بەھۆی بەھێزی تراکتۆرەکان خواستێکی زۆریان لەسەرەو بەنیازە کارگەیەکی گەورە درووستبکات و ھەلی کار بۆ ژمارەیەكی زۆری گەنج لە سنوورەكە بڕەخسێنن.
تەمەنی تراکتۆرەکان کۆتاییان ھاتووە، بەڵام لەشارەزوور دووبارە دیزاینی نوێیان بۆ دەکەنەوە و كوالیتییان بەرز دەکەنەوە. عوسمان محهمهد، کارگەیەکی بچووکی دووبارە دیزاینکردنەوەی تراکتۆری داناوە و بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکارییان تێدا دەکات.
بەھۆی كۆنی و سنوورداری کاری تراکتۆرەکان خاوهنی كارگهكه بیر لەوە دەکاتەوە، ھەم دیزاین و ھەم توانای تراکتۆرەکان بگۆڕێت، ئێستا ئەو تراکتۆرانە خواستێکی زۆریان لەسەرە.
تراکتۆرەکانی ئهو كارگهیه ئەکسلە و سوکان پاوەرە و کێشی پێشەوەشی قورسترە لە تراکتۆرەکانی دیكە، توانای کارکردنیشی زۆر لەوانی دیكە زیاترە.
عوسمان محهمهد چەند ساڵیک بەر لەئێستا یەکەمین تراکتۆری نمایش کرد، کە بەتەنھا خۆی دووبارە دیزاینی بۆ کردبوو، ماوەی 11 مانگی پێ چوو، بەڵام ئێستا لەماوەی 4 مانگی کارکردنیان توانیویانە نزیکەی 60 تراکتۆر ئامادە بکەن و زیاتر کڕیارەکان لەناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێن بۆکڕینی تراکتۆرەکان و نرخی ھەر دانەیەکیان 10 ھەزار دۆلارە.