ئامێدی و پەرەستگای لالش كاندیدن بۆ لیستی کەلەپووری جیهانی

یۆنسکۆ کاردەکات بۆ دانانی 12 ناوچەی عێراق لە لیستی کەلەپووری جیهانی

K24 - ھەولێر

براندان کسار، بەرپرسی رۆشنبیری لە رێکخراوی یۆنسکۆ لە عێراق ئاشکرای دەکات، رێکخراوەکەیان کار بۆ دانانی 12 ناوچەی عێراق دەکات، كە كاندیدن لە لیستی کەلەپووری جیهان جێگەیان بکرێتەوە، پێشتر حکومەتی عێراق لە ساڵی 2000ـەوە داوای کردبوو.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پرۆسەیەکی گشتگیر هەیە کە دەبێت بۆ سەرجەم ناوچەکان ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی لە لیستی کەلەپووری جیهانییەوە پەسەند بکرێت، ئەوەش لە ئەستۆی حکومەتی عێراقییە.

ئەو 12 ناوچەیە بریتین لە، شارۆچکەی ئامێدی، پەرەستگای لالش، نەمرود، نیبور، شاری موسڵی کۆن، شاری نەینەوای کۆن،  قەڵای ئەخزەیر لە کەربەلا، گۆڕستانی وادی سەلام، ناوچەی زولکفل و شوێنە مێژووییەکانی سەر رووباری دیجلە لە بەغدا کە کەوتوونەتە رەسافە لە قوتابخانەی موستەنسرییەوە تاوەکو کۆشکی عەباسی.

کسار دەشڵێت، یۆنسکۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داوا دەکات کە هۆشیاری زیاتر بێت لەبارەی کەلەپوورەوە کە بە رێگەیەکی نادروست لە عێراق دەگوازرێتەوە،و یۆنسکۆ پاڵپشتی لەو هەوڵانە دەگات کە رێگرن لە بازرگانی کردن لە پارچە مێژووییەکان. بۆ ئەوەش هەماهەنگی لەنێوان ئینتەرپوول و رێکخراوە جیهانییەکان کراوە، بۆ ئەوەی هاوکاری عێراق بکەن و ئەو پارچە مێژووییانە بە قاچاخ بردراون بگەڕێندرێنەوە.