رایتس وۆچ بۆ كازمی:" كوا ئەوانەی بەزۆر بێسەروشوێن كراون؟

ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە پشت حاڵەتەكانی بێسەروشوێنكردنن

K24 – ھەولێر:

رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ (ھیومان رایتس وۆچ-Human Rights Watch) ئەمڕۆ دووشەممە داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراقی كرد، پابەندییەكانی خۆی جێبەجێبكات لە دەستنیشانكردنی جێگای ئەو قوربانیانەی بە زۆر بێسەرشوێن كراون و لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو كارە بكات. حكومەتی عێراقیشی تۆمەتباركرد بە پشتگوێخستنی ئەو دۆسییە.

رێكخراوەكە لە راپۆرتێكی درێژدا، كە ئەمڕۆ لە پێگەی خۆیدا بڵاویكردووەتەوە، گوتی: لە سەرەتای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیران لە ئایاری ساڵی 2020 رایگەیاند، حكومەتەكەی كار لە سەر میكانیزمێكی نوێ دەكات بۆ دەستنیشانكردنی جێگای ئەوانەی بەزۆر بێسەروشوێن كراون؛ بەڵام وادیارە دەسەڵات ھیچ شتێكی شایستەی نەكردووە بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە".

رێكخراوەكە جەختیكردەوە، "لە ھەر حاڵەتێكدا، كە رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ چاودێری كردبێت، كەسوكاری بێسەروشوێنەكان نەیانتوانیوە زانیاری لە دەسەڵاتداران بەدەستبێنن. ھیچ لە خێزانەكان گوێبیستی ئەم میكانیزمە نوێیە نەبوونە و پەیوەندییان پێوە نەكراوە.

یەكێكیان گوتی: "بەردەوام گوێمان لێدەبێت، حكومەت لیژنەی نوێی دامەزراندووە، بەڵام ھەرگیز نەمانبیستووە ئەم لیژنانە ھیچ ئەنجامێكیان ھەبێت".

رێكخراوەكە گوتیشی: دەسەڵاتدارانی عێراقی، وەڵامی ئەو نامەیەی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە 5ی تشرینی دووەمیان نەداوەتەوە، تێیدا داوای زانیاری كردووە سەبارەت بە 8 حاڵەتی نوێی ونبوون، كە لە نێوان كانوونی یەكەمی 2019 و تشرینی یەكەمی 2020 روویانداوە.

بەڵقیس والی، توێژەر لە بەشی تەنگژە و ململانێیەكان لە رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ گوتی: درووستكردنی میكانیزمێك، ھیچ شتێك جێبەجێ ناكات، ھەمان ئەو كارەیە، كە حكومەتەكانی عێراقی بۆ چەندین ساڵ كردیان، بە روونی ئەمە بەس نییە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی درێژخایەن وەك مەسەلەی بەزۆر بێسەروشوێنكردن. بەڵكو دەبێت كۆتایی بە بێسەروشوێنكردنی بەزۆری بھێنرێت ولێپچینەوە لەگەڵ ھێزەكانی ئەمنی بەجدی و بە بەردەوامی بكرێت و بەدواداچون بۆ ئەو حاڵەتانە بكرێت".

رێكخراوەكە گوتیشی: ئه‌و وردەكاریانه‌ی بەردەست چاودێری مافەكانی مرۆڤ كەوتووە لە بارەی ئەو حاڵەتانەوە، ئاماژە دەكەن بەوەی "ھێزەكانی حەشدی شەعبی" ئەو ھێزانەن لە تشرینی دووەمی ساڵی 2016وە لەژێر كۆنترۆڵی سەرۆك وەزیراندایە لە پشت ھەموو ئەو 8 حاڵەتانەی بێسەروشوێنكردنەن".

روونیشیكردەوە، "ئەم حاڵەتانە بەشێكی بچوكن لە تەواوی ئەو حاڵەتانەی بێسەروشوێنكردن، كە مەزندە دەكرێت ئەم گرووپانە لە میانی ساڵی رابردوو ئەنجامیان دابێت".

سەرچاوە: شەفەق نیوز