کۆمارییەکان دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکان لە عێراق

"کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و رووسیا و تیرۆرستان دڵخۆش دەکات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

میتچ ماکۆنێڵ، سەرکردەی زۆرینەی کۆمارییەکان لە گوتارێکیدا لە ئەنجومەنی پیران رایگەیاند، لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، خراپتر دەبێت لە بڕیارەکەی باراک ئۆباما بە کشاندنەوەی هێزەکانیان لە عێراق.

ئاماژەی بەوەشدا، رووسیا و تیرۆرستان دڵخۆش دەبن، بۆ ئەوەی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا شوێنی خۆیان لەو ناوچانە بکەنەوە.

سەرکردەی زۆرینە لە ئەنجومەنی سینات، گوتی: "رۆڵی ئەمەریکا سنووردارە، بەڵام رۆڵێکی گرنگ لە بەرگریکردن لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی لە دژی تیرۆرستان دەکات. تیرۆرستان دەیانەوێت و حەز دەکەن، بەهێزترین هێزی جیهان تۆپەکانی هەڵبگرێتەوە و بگەڕێتەوە ماڵەوە. هەر بۆیە ساڵی رابردوو 70 ئەندامی ئەنجومەنی سینات دەنگیان بە دەستکاریکردنی یاسایەک دا، دواتر دانیان بە پێشکەوتنە ئەمنییەکان لە سووریا و ئەفغانستان دانا. ئەو کاتە باسم لە مەترسییەکان کرد و هۆشداریم لە کشانەوەی هێزەکاندا، چونکە بۆشاییەک دروست دەبێت. ئەو کاتە ئێران، رووسیا و تیرۆرستان دڵخۆش دەبن، بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان لەو ناوچانە بکەنەوە".

گوتیشی: "کشانەوەی خێرای هێزەکان لە ئەفغانستان تەنیا هاوپەیمانەکانمان نیگەران ناکات، بەڵکو ئەوانەی دەیانەوێت زیانمان پێبگەینن دڵخۆش دەکات. لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانمان خراپتر دەبێت، لە بڕیارەکەی باراک ئۆباما بە کشاندنەوەی هێزەکانمان لە عێراق، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی تیرۆری جیهانی".

ئەمە دوای ئەوەدێت ئاژانسی ھەواڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، سوپای ئەمەریكا چاوه‌ڕێی فەرمانی ترەمپ دەكات، بۆ كشانەوەی ھێزەكانی لە عێراق و ئەفغانستان.

فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكا پێشبینی دەكەن، سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، فەرمانێكی فەرمی لەم ھەفتەیەدا بدات بۆ دەستكردن بە كشانەوەی بەشێكی دیكەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان و عێراق، پێش ئەوەی لە 20 كانوونی دووەم پۆستەكەی جێبێڵێ، بەپێی ھەندێك لە بەرپرسە ئاگادارەكان.