پەکەکە دوو گەنجی سنووری رواندز دهڕفێنێت
K24 – رواندز
چهكدارانی پەکەکە لە گوندەكانی بۆکریسکان و پردەشاڵی سەر بە شارەدێی وەرتێی سنووری قەزای رواندز، دوو گەنجیان رفاند، له بارهی هۆكاری رفاندن و دهستگیركردنیشیان بەرپرسانی پەكەكە وەڵامی كەسوكاری ئەو دوو گەنجە نادەنەوە.
موسلیح زرار، بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ بە کوردستان24ی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە 16/11/2020، هێزەکانی پەکەکە گەنجێکیان بەناوی قارەمان عەبدوڵڵا سۆفی مینە، کە دانیشتووی گوندی بۆکریسکانە دهستبهسهر كردووه، ئەمڕۆ سێشەممەش گەنجێکی دیکەیان لە گوندی پردەشاڵ بەناوی توانا حاجی سۆفی مینە، کە كارمەندی شارەوانی وەرتێیە و ئامۆزای گیراوەكەی دوێنێیە، به ههمان شێوه دهستبهسهر كردووه".
سەبارەت بەهۆکاری دەستگیرکردنەکەیان موسڵیح زرار گوتی: "کەسوکاری قارەمان چوونەتە لای بەرپرسانی پەکەکە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد: "وەکو یەكەی ئیداری ناوچەكە پەیوەندی فەرمی و راستەوخۆمان لەگەڵ پەكەكە نییە، بەڵام لەڕێگەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەم جۆرە کەیسانە دەکەین و دڵگرانین لە هەڵسوکەوتەکانی پەکەکە، کە بەبیانووی جۆراوجۆر خەڵکی ناوچەکە ئازار دەدەن و تووشی سەرئێشەیان دەكەن".
گوندەكانی بۆكریسكان و پردەشاڵ، لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای رواندزن، بەڵام بەھۆی بوونی بارەگاكانیان لە رووی ئەمنییەوە پەكەكە لەو ناوچەیە باڵادەستە. لە ماوەی رابردووشدا چەندین جار دانیشتووانی ئەو سنوورەیان بە ھۆكاری جیاجیا دهستبهسهركردووه و رفاندووه، جگە لەوەی بەھۆی بوونی پەكەكە چەندین جار گوندەكانی ناوچەكە كەوتوونەتە بەر بۆردومانەكانی توركیا و زیانی گیانی و ماددی بەر گوندنشینانی ناوچەكە كەوتووە.