بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدیان خەڵاتێکی نێودەوڵەتی پێدەبەخشرێت

خەڵاتی سێرجیۆ دی ڤیێرا دیمێلۆ دەبەخشرێتە ئەوانەی کاریگەرییان هەبووە لە بانگەشەکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ و دیالۆگ

K24 - هەولێر

حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزیدی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵاتی سێرجیۆ دی ڤیێرا دیمێلۆی پێ دەبەخشرێت، کە ساڵانە لە پۆڵاند پێشکەشی ئەو کەس یان دامەزراوانە دەکرێت، کە کاریگەرییان هەبووە لە بانگەشەکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ و دیالۆگ.

ئەو خەڵاتە، بە ناوی سێرجیۆ دی مێلۆ کراوە (سێرجیۆ لە ساڵانی 2002 بۆ 2003 سەرۆکی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ مافەکانی مرۆڤ)، ئەمە 17ـەیەمین جارە خەڵاتەکە دابەش دەکرێت.

لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا دامەزراوەی ڤیلا دێسیۆس، رایگەیاند مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە 10ـی دیسێمبه‌ر لەڕێگەی ئۆنلاین سازدەکرێت.

قائیدی ئێزدییە، لەدایکبووی پارێزگای دهۆکە و لە ساڵی 2014ـەوە دوای ئەوەی داعش زۆربەی ناوچەکانی ئێزدییەکانی داگیر کرد، دەستی بە هەڵمەتێک کرد بۆ دۆزینەوەی رفێنراوانی ئێزدی، رزگارکردنیان و گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی لە هەوڵەکانی قائیدی کرد و لە مانگی ئابی 2014 نووسینگەیەکی بەناوی نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدیان لە دهۆک دامەزراند، لەوەکاتەوە حوسێن قائیدی بەڕێوەبەری نووسینگەکەیە.

ئەمە، یەکەم خەڵات نییە پێشکەشی حوسێن قائیدی دەکرێت، لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا قائیدی هەروەها خەڵاتی دایکە تێریزای پێبەخشرا، بەهۆی رزگارکردنی هەزاران ژنی ئێزدی لەدەستی داعش.

نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدیان کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەپێی داتا فەرمییەکانی لە کۆی 6417 کەسی رفێندراو لەلایەن داعش، تاوەکو ئێستا 3537 ئێزدی رزگاکردووە. بەگشتیش هەتاوەکو ئێستاش نزیکەی 2880 ئێزدی بێسەروشوێنن.

زیاد رەئووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵاند بە کوردستان24ـی راگەیاند خەڵاتەکە "گرنگیدانی پۆڵاند بە چارەنووسی ئێزدیان دەردەخات. ئەو کۆمیتەیەی بڕیاریداوە خەڵاتەکە بە کێ دەبەخشرێت، پێکدێت لە: سەرۆکی پۆڵاند، کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران(UNHCR)، وەزارەتی دەرەوەی پۆڵاند، باڵیۆزی بەرازیل لە پۆڵاند، باڵیۆزی سوید لە پۆڵاند و ژمارەیەک رێکخراوی دیکەش".

هـ.ر.