وه‌زیری ناوخۆ: له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی له‌سه‌ر ئه‌وه رێكه‌وتین كه ده‌بێت ته‌نیا خه‌ڵكی شنگال ئیداره‌ی شاره‌كه‌یان بده‌ن
K24- هه‌ولێر:
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی فیدراڵ هه‌ردوو لا كۆك بوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی شنگال.
ئه‌م گوتانه‌ی وه‌زیری ناوخۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دوای كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوولا له هه‌ولێر هاتوون، كه ئه‌مڕۆ به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌عره‌جی و هاوه‌ڵیكردنی جێنین هانس پلاسخارت، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، شاندی حكومه‌تی فیدراڵ به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی شنگال سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتی: کۆبوونەوەکه‌یان تایبەت بوو به جێبەجێ کردنی رێکەوتنی شنگال و هەموو لایەك کۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت رێکەوتنەکه وەك خۆی جێبەجێ بکرێت.
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیشی كرده‌وه، هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه رێکەوتوون، بە هاوبەشی ئیدارەیەك بۆ شنگال دابندرێت و دەبێت ته‌نیا خەڵكی شنگال ئیدارەی شارەکەیان بده‌ن.
H.B