لایهنهكان له بهغدا: دژی پهراوێزخستنی كوردین

K24- ھەولێر:
كاردانهوه له بارهی تێپهڕاندنی یاسای قهرز به بێ دهنگی كورد له لایهن پهرلهمانی عێراقهوه بهردهوامن. لایهنهكان و كهسایهتییه جیاوازهكان دژی ئهم ههنگاوهی پهرلهمانی عێراقن و پێیانوایه پەسندکردنی پرۆژە یاسای قەرز بە دەنگی زۆرینە و پەراوێزخستنی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و مووچەخۆرانی ھەرێم ھەڵەیەکی سیاسی گەورەیه و دەبێت حکومەت و پەرلەمان جارێکی دیكە پێداچوونەوە بکەن بە بڕیاری پەسەندکردنی پرۆژە یاسای قەرزکردن، چونکە عێراق قۆناغی ھەڵبژاردنی لە پێشە و پێویستی بە رێکەوتن و گفتوگۆی سیاسیە.
شیخ مەجید عقابی، سەرۆکی سەنتەری بیروھزری چاکسازی گوتی: "ئەرکی حکومەتی عێراقە بە یەكسانی سەیری ھەموو عێراق بكات، ئەو بڕیارەی درا؛ راستە بە زۆرینە تێپەڕی و کێشەی یاسایی نەبوو، بەڵام ئێمە خوازیار نەبووین ئێسکەکانمان بشکێنێت و ببێتە ھۆی پچڕانی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا. بۆیە باشتر بوو دەرفەتیان بە فراکسیۆنە کوردستانیەکان دابا تاکو لەگەڵ سەرکردەکانیان خۆیان قسە بكەن و رێكبكەون، ئێستاش ھیوادارین ئەمە نەبێـتە کارتی پچڕانی گفتوگۆ و پەیوەندیەکان. دەبێت لایەنە سیاسییەکان رێكبكەون چونکە عێراق تووشی قەیرانی دارایی بووە.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سکرتێری رەوتی ئەعیانی عێراق گوتی: "بابەتی ھاوسەنگی لە نێوان ھەولێر و بەغدا زۆر گرنگە، چونکە عێراق تووشی ئیحراجی سیاسی بووە، چەند مانگێکی تر ھەڵبژاردنە و دەبێـت لایەنەکان لە سەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و رێکبکەون، پرسی داراییش نابێت پشتگوێ بخرێت. عێراق دەستی بردووە بۆ پارەی یەدەگی، پێویستە حکومەت و پەرلەمانیش پێداچوونەوە بە بڕیاری پەسەندکردنی پرۆژەی قەرزکردن بکەن، چونکە بۆ چەند مانگێک کارەکانیان بۆ بەڕێ دەکات.
ھادی عیسامی، شرۆڤەکاری سیاسی گوتی: "ئەم بابەتە کاریگەری خراپی لە سەر ھەمووان دەبێت؛ چونکە عێراق نابێت جیاوازی بکات لە نێوان کورد و سوننە و شیعە. پێویستیش ناکات قەیرانی دیكە بۆ خۆی درووست بکات، خۆمان قەیرانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتمان ھەیە، کە زیانی بە ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمیش گەیاندووە".
ئەبوو میساق ساری، لێکۆڵەر گوتی: "پێموایە ئەم ململانێیە، باجێکی قورسی لە سەر دەدەین، کاریگەری خراپی لە سەر تەواوی پرۆسەی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەبێت؛ ئەمەش مەترسیە. بەغدا ئەو ھەموو گوشارانەی لە سەرە تەحەمولی زیاتر ناکات، چونکە ئەم بڕیارە کاریگەری زۆر گەورەی سیاسی و دارایی جێدەھێڵێت، کاردانەوەکانیش دژی پرۆژە یاسای قەرزکردنەکە لە ئێستاوە دەرکەوتوە".