نێچیرڤان بارزانی: د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو

فرسەت سۆفی دوای 30 رۆژ لە تووشبوونی بە کۆرۆنا، گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر و خەڵكی هەولێر و کوردستان دەكات و دەڵێت "د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو".

فرسەت سۆفی، 41ـەمین پارێزگاری هەولێر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-11-2020) دوای 30 رۆژ لە تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، لەتەمەنی 42 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

دەقی پەیامی هاوخەمیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

بەبۆنەی كۆچی دواییی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێره‌وه‌، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم.

د. فرسەت سۆفی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری.

دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.

خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت. كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە.


نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

18/11/2020