مەسرور بارزانی: کۆچکردنی فرسەت سۆفی زیانێکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

"خۆم لە نزیکەوە ئاگاداریی دڵسۆزی و کارامەیی فرسەت سۆفی بووم"

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر دەڵێ، کۆچکردنی زیانێکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

فرسەت سۆفی، 41ـەمین پارێزگاری هەولێر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-11-2020) دوای 30 رۆژ لە تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، لەتەمەنی 42 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامی هاوخەمییەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ " خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بەگشتی، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم".

دەقی پەیامی هاوخەمیی سەرۆکی حکومەت:

بەخەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر (د. فرسەت سۆفی)مان پێگەیشت. کاک د.فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو. هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد و لە هەموو پۆست و بەرپرسیارەتییەکانیدا، لە قۆناغی پەرلەمانتاریی و دواتریش، داکۆکیکارێکی دیاری پرۆسەی چاکسازیی بوو. بەتایبەتی وەک پارێزگاری هەولێر، ئەرکەکانی بە دڵسۆزی و لە خۆبردوویی بەجێ دەگەیاند و خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی ، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەم بۆنە خەمناکەوە، ماتەمینی خۆمان ڕادەگەیەنین و پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی و خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای هەولێر دەکەم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە هەموولایەکمان ببەخشێت.

یاد و هەڵوێستەکانی کاک د.فرسەت سۆفی هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/11/18

 

 

هـ.ر.