حکومەت: سبەی مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی فرسەت سۆفی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر سازدەکرێت

پەیامی حکومەت بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، سبەی تەرمی فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر، دەگاتەوە هەولێر و لە فڕۆکەخانە مەراسیمی هێنانەوەی تەرمەکەی بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان سازدەکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ "حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و تەواوی خەڵكی کوردستان بەگشتی و پارێزگای ھەولێر بەتایبەتی دەكات".

فرسەت سۆفی، 41ـەمین پارێزگاری هەولێر دوای 30 لە تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد، هەتاوەکو لەهۆش خۆی ببوو، قبوڵی نەکردبوو لە هەولێر بیبەنە دەرەوە، بەڵام دوای بێهۆشبوونی لەسەر خواستی ئازیزانی، رەوانەی تورکیا کرابوو بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت.

دەقی پرسەنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی كۆچی دوایی (د. فرسەت سۆفی) پارێزگاری هەولێر

بەبۆنەی کۆچی دوایی (د. فرسەت سۆفی)، پارێزگاری ھەولێر، حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و تەواوی خەڵكی کوردستان بەگشتی و پارێزگای ھەولێر بەتایبەتی دەكات.

د. فرسەت سۆفی وەک مرۆڤێكی سادە و نیشتمان پەروەر لەو ماوەیەی کە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتبوو، بە بەردەوامی و شەونخوونی كاری دەكرد و لەم ماوە کەمەشدا دەست و پەنجەی لە هەموو بوارە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ئەم پارێزگایەدا دیارە.

داواکارین لە پەروەردگاری مەزن ئارامی بە خانەوادە و کەسوکاری ببەخشێت و رۆحی کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.

سبەی پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2020 بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکان، مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە شاری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/11/18

 

 

هـ.ر.