رێبەر ئەحمەد: کۆچی دوایی فرسەت سۆفی لەناخەوە خەمباری کردم

"کەسێک بوو خۆی بۆ کارەکەی تەرخانکردبوو"

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر، دەڵێ "ئەو هەواڵە لە ناخەوە خەمباری کردم".

فرسەت سۆفی، 41ـەمین پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ لەدوای 30 رۆژ لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە تەمەنی 42 ساڵیدا بەو پەتایە گیانی لەدەستدا.

رێبەر ئەحمەد لە پرسەنامەیەکدا کە لەرێگەی توویتەرەوە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ "لە دڵەوە خەمبارم بە کۆچی دوایی هاوڕێ، ئەکادیمیست و پارێزگاری خۆشەویستی هەولێر".

وەزیری ناوخۆ هەروەها دەڵێ، فرسەت سۆفی "کەسێک بوو خۆی بۆ کارەکەی تەرخانکردبوو و زۆر کاریدەکرد بۆ گەشەپێدان و بەدیهینانی شەفافییەت لە هەموو هەرێم. لەدڵەوە سەرەخۆشی لە خێزان و هاوڕێیانی دەکەم".

 

 

هـ.ر.