پۆمپێیۆ: رێکەوتنی ئاشتی ئێران زیاتر گۆشه‌گیر ده‌كات

ئەم رێکەوتنانە بۆ ھەموو جیھان گرنگن

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند: رێکەوتنی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و بەحرەین و ئیمارات بۆ پاشەکشەکردن بە "سیاسەتە تێکدەرانەکانی ئێران" لە ناوچەکە زۆر گرنگن و زیاتر ئێران گۆشەگیر دەکەن.

مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا گوتی: "ئەو رێکەوتنانە زۆر گرنگن، بۆ ھەموو جیھان گرنگن، لەم سەردانەمدا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ھەموو سەرکردەی وڵاتان زۆر بە گرنگیەوە باسی ئەو رێکەوتنانەیان دەکرد و بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو پێزانینیان ھەبوو بۆ ئەو کارەی کە ئیسرائیل و بەحرەین و ئیمارات پێکەوە دەیکەن".

ھەروەھا گوتی: "دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ بووژانەوەی ئابووری ھەرسێ وڵات. ئەمڕۆ دیمەنێکی زۆر جوانم بینی کاتێك فرۆکەکەم لە فرۆکەخانە دابەزی، فرۆکەیەکی جوانی "گۆڵف ئێر"م بینی لە فرۆکەخانەكە دابەزی. ئەم رێکەوتنانە پێماندەڵێن: لایەنە خراپ و تێکدەرەکانی وەك ئێران کاریگەرییان لە ناوچەکەدا کەم دەبێتەوە و زیاتر گۆشەگیر دەكرێن، تا ئەو کاتەی سیاسەتی خۆیان دەگۆڕن. رێکەوتنەکان بۆ ئازادی ئایینی زۆر باشن، موسڵمانان دەتوانن لە شوێنە ئایینیەکانی ئیسرائیل وەك مزگەوتی ئەقسا نوێژ بکەن".