محەمەد، ئەو کوڕەی بەهۆی مردنی فرسەت سۆفی دووجار بێ باوک بوو

دەڵێ، فرسەت سۆفی چەند مەرجێکی بۆ دانابووم تاوەکو بەفەرمی بمکاتە کوڕی خۆی
kurdistan24.net

 

K24 - هەولێر

ئەو مێرمنداڵەی، فرسەت سۆفی لە خانەی بێسەرپەرشتان دەریهێنا و کردیە کوڕی خۆی، دەڵێ "فرسەت سۆفی جێگەی دایک و باوکی بۆ من گرتبووەوە... چەند مەرجێکی بۆ دانابووم تاوەکو بمکاتە کوڕی خۆی".

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دوای ئەوەی محەمەدی لە خانەی بێسەرپەرشتان دەرهێنا، لە بینای پارێزگای هەولێر کاری پێسپارد. دوای گیانلەدەستدانی پارێزگاری هەولێریش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، محەمەد جارێکی دیکە بێباوک بوو.

محەمەد فرسەت سۆفی، لەدوای راگەیاندنی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر قسەی بۆ کوردستان24 کرد، ئەو دەڵێ پارێزگاری هەولێر "جێگەی هەموو کەسێکی بۆ من گرتبووەوە؛ جێگەی دایکم و باوکم. هەستم بەوە نەدەکرد بێکەسم. ئێستا شتەکە گۆڕا، وادەزانم گەڕامەوە دواوە و دوونیاکە گەڕایەوە... کەسێکی زۆر زۆر باش بوو، هەم بۆ هەموو خەڵک، هەم بۆ من".

لەبارەی چۆنییەتی ناسینی فرسەت سۆفی، محەمەد دەڵێ "من، لە خانەی بێسەرپەرشتان ئەوم ناسی، گوتی دەتکەمە کوڕی خۆم، بەڵام بەو مەرجانەی بۆت دادەنێم: نابێت لەگەڵ کەسی خراپ هەڵسوکەوت بکەی، نابێت خراپ بی، بۆ کەس خراپ مەبە، هاتوویەتییە ناو ئێمە و دەبێت پیاو بی".

فرسەت سۆفی ویستوویەتی لە دادگاش محەممەد بە فەرمی بکاتە کوڕی خۆی، بەڵام وەک محەمەد دەڵێ "سەرەتا بەهۆی ئیش و کار و، دواییش ئەو نەخۆشییە بەربەستی سەر رێگەمان بوو".

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دوای 30 رۆژ لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تورکیا گیانى لەدەستدا، بڕیارە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-11-2020) تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە شاری هەولێر و لە فڕۆکەخانەی هەولێر لە مەراسیمێکدا پێشوازی لە تەرمەکەی بکرێت، هەر لە شاری هەولێریش بە خاک بسپێردرێت.

 

هـ.ر.