مەسرور بارزانی بۆ ماڵئاوایی فرسەت سۆفی: شاھێدی ئەوەت بۆ دەدەین بە حەق وەفاداربووی بۆ ئەو سوێندەی خواردت

"فرسەت سۆفی خۆڕاگربوو بەرامبەر بە كێشەكان و ھەمیشە بە ئومێدەوە دەیڕوانیە داھاتوو"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی كردن لە تەرمی فرسەت سۆفی پارێزگاری كۆچكردوی ھەولێر، وتاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژە بەوەكرا "ئێمە لە حكومەت شاھێدی ئەوەت بۆ دەدەین بە حەق وەفاداربووی بۆ ئەو سوێندەی خواردت".

وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كە لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خوێندرایەوە تێیدا ھاتبوو: "بەداخ و خەمێكی قوڵەوە ئەمڕۆ بۆ ماڵئاوایی كردن لە ھەڤاڵ و دۆست و كەسایەتیێكی لێھاتوو كۆبووینەتەوە، ئەو كەسێكی دەستپاك، رابردوو پاك، دڵسۆزی خەڵك و نیشتمانپەروەر بوو. د. فرسەت سۆفی ئەو كەسێكی خاكی بوو، ھەر ئەركێكی پێسپێردرا بە دڵسۆزی و جدیەتەوە بەجێی دەگەیاند، ھەر بۆیە ئەمڕۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان بۆ كۆچكردنی خەمبارن، كە ئەمەش سەرمایەكی گەورەی مەعنەوی زۆر گرنگە، و بەڵگەی دڵسۆزی فرسەت سۆفی بووە لەسەر خزمەتكردنی خەڵكی ھەولێر و كوردستان بە گشتی".

لە بەشێكی دیكەی وتاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەكراوە: "پارێزگاری جوانەمەرگ، كادیرێكی جەماوەری لێھاتوو، پەرلەمانتار و ئەكادیمی و یاسا ناسێكی دیاربوو، جێگەی ئومێدی گەورەبوو، لە دوای دەستبەكاربوونی وەك پارێزگاری ھەولێر لە ماوەیەكی كەمدا، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دروستبوونی قەیرانی دارایی، د. فرسەت سۆفی خۆڕاگربوو بەرامبەر بە كێشەكان و ھەمیشە بە ئومێدەوە دەیڕوانیە داھاتوو، ئامانجی سەرەكیشی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و شاری ھەولێری خۆشەویست بوو بەبێ ھیچ جیاوازیەك، زۆر لە خەمی كاسبكار و خەڵكی ھەژاربوو، ھەوڵیدەدا كۆرۆنا كاریگەری لە ژیانی خەڵكی ھەژار نەكات، بۆیە شەو و رۆژ بێ ماندوبوون لە خزمەتی خەڵكدابوو، بەردەوامیش لەگەڵ پێكھاتەكان لە پەیوەندیی دابوو، ھەمووكات بە پەرۆش بوو بۆ ھەماھەنگی و كاری ھاوبەش، كە بەداخەوە مەرگ رێگەی نەدا خزمەتی زیاتر پێشكەش بكات. ئێمە لە حكومەتی ھەرێم شاھێدی ئەوەت بۆ دەدەین بە حەق وەفاداربووی بۆ ئەو سوێندەی خواردت، ھەروەھا بۆ ئەو بەڵێنانەی كە دات خزمەتكاری خەڵكی ھەولێر و كوردستان بیت".

لە وتاری سەرۆكی حكومەت ھاتووە: "لە پرۆسەی چاكسازی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، فرسەت سۆفی یەكێك بوو لە داكۆكیكارەكانی ئەنجامدانی چاكسازی و گەشەپێدانی ھەرێمی كوردستان، بۆیە لە دەستدانی دكتۆر فرسەت زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان و بۆشایەكی گەورە دروست دەكات".