فرسەت سۆفی لەم گوندە ھاتە دونیا و ھەولێر بووە دوا مەنزڵگەی

خەڵكی گوندی گەزنە باسی ژیانی فرسەت سۆفی و بنەماڵەكەیان دەكەن
kurdistan24.net

K24 – گەزنە

گوندی گەزنە، دەكەوێتە بناری چیاكانی حەسەن بەگ و گۆشینە لە دەڤەری باڵەكایەتی، ئەوێ زێدی لە دایكبوونی 41مین پارێزگاری ھەولێرە.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردوی ھەولێر لە 21/5/1978 لە گوندی گەزنەی سنووری قەزای چۆمان لەدایکبووە. خەڵكی گوندەكە باسی ئەوە دەكەن، فرسەت سۆفی و بنەماڵەكەیان ھەمووكات ھاوكار و ھەماھەنگ بوونە لەگەڵ خەڵك.

سلێمان غەفوور، یەكێكە لە ریش سپییەكانی گوندی گەزنە دەڵێ: "فرسەت سۆفی كەسێكی سادەبوو، خۆشەویستی ھەموو ھەژاران بوو، لە ئێمە و ھەموو خەڵك رۆیشت، چونكە ئەو جیاوازی لەنێوان خەڵك نەدەكرد و خزمەتی ھەمووانی دەكرد".

ئەو باسی ھەڵوێستێكی فرسەت سۆفی دەكات كە لە گوندەكەیان ھاوكاری قوتابیانی كردووە و دەڵێت: "چەند ساڵێك لەمەوبەر ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی قوتابیان وەرگەڕا، كە 20 قوتابی تێدابوو بەشێك لە قوتابییەكان برینداربوون، دوای رووداوەكە فرسەت سۆفی كە ئەوكات پەرلەمانتار بوو ھات سەردانیكردن و بە ھاوكاری ماددی پێشكەش بەو قوتابیانە كرد، لە كاتی تەنگانە بە ھانای خەڵكەوە دەچوو".

باوكی فرسەت سۆفی، لە ساڵی 2015 كۆچی دوایی كردووە. ئەو ھاووڵاتییەی گوندی گەزنە باسی ژیانی باوكی پارێزگار دەكات و دەڵێ: "مام سۆفی كەسێكی كاسب و جوتیارێكی گوندەكەمان بوو، ھیچ كات چاوی لە دەستی خەڵك نەبوو، ھەموو خەڵكی گوند خۆشیان دەویست".

فرسەت سۆفی كاندیدی لە 12/9/2019 به‌ ده‌نگی 27 ئەندام له‌ كۆی 28 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هەولێر وه‌ك پارێزگار هه‌ڵبژێردرا. رۆژی 16/9/2019 وەک 41مین پارێزگاری هەولێر لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و رۆژی 17/9/2019 دەستبەکاربوو.