رێباز حهملان: لەدەستدانی دکتۆر فرسەت ھەمووانی نیگەرانکردووە
K24 - ههولێر:
رێباز حهملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بههۆی كۆچی دوایی فرسهت سۆفی، پارێزگاری ههولێر پهیامێكی بڵاوكردهوه و تێیدا رایدهگهیهنێت، دکتۆر فرسەت سۆفی ھاوڕێیەکی خۆشەویست و کادرێکی دڵسۆز و بەئەمەک بوو بۆ نیشتمانەکەی و ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لهدهستدانی دكتۆر ههمووانی نیگهرانكردووه.
دهقی پرسهنامهكهی رێباز حهملان:
"بۆ خانەوادەی بەرێزی کاک دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر
بەخەم و دڵگرانییەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی-م بیست.
دکتۆر فرسەت سۆفی ھاورێیەکی خۆشەویست و کادرێکی دڵسۆز و بەئەمەک بوو بۆ نیشتیمانەکەی و ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، لەو ماوەیەی کە پارێزگاری ھەولێر بوو توانی بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی زیاتری ئەو پارێزگایە و لەڕوو بەڕوو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا شەونوخونی زۆری کرد تا دواجار گیانی پاکی لەو پێناوەدا بەختکرد و ھەمیشە بەدەم کێشەکانی خەڵکەکەی خۆیەوە دەچوو، پێشتریش کاتێک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو ھەمیشە خۆنەویستانە بە شێوەیەکی لۆژیکیانە دەستی دەخستە سەر کێشەکان و داوای چارەسەرکردنی دەکرد و خزمەتی ھاونیشتیمانیانی دەکرد.
لەدەستدانی دکتۆر فرسەت ھەموانی نیگەرانکردوە، پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادەی بەرێزیان و خۆمان و ھاونیشتیمانیانی خۆشەویستی پارێزگای ھەولێری قەڵاو منارەو تەواوی دۆستان و ھاورێیانی دەکەم ، خوای گەورە کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات.
اناللە وانا الیە راجعون
رێباز حملان
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
18/11/2020"