مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر

هەموو لایەنەکان لە مەراسیمی ماڵئاواییکردنەکەی ئامادەن

K24 - هەولێر

پەتای کۆرۆنا، نەیهێشت فرسەت سۆفی بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی هەولێر و بووە هۆی ئەوەی دوایین هەناسەی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا هەڵبمژێت و گیانلەدەستبدات. ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی شایستەدا پێشوازی لە تەرمی پارێزگارە کۆچکردووەکەی هەولێر دەکرێت و لەسەر وەسیەتی خۆی لە هەولێر دەنێژرێت.

دوای خوێندنەوەی وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەروەها خوێندنەوەی وتاری سەرۆکی حکومەت، تاجەگوڵینە لەسەر تەرمی پارێزگاری هەولێر دانرا.

مەسرور بارزانی بۆ فرسەت سۆفی: ئێمە لە حکومەت شاهێدی بۆ وەفاداریت دەدەین

وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خوێندرایەوە کە تێیدا دەڵێ "ئێمە لە حکومەت شاهێدی بۆ وەفاداریت دەدەین".

مەسرور بارزانی دەڵێ "بەداخ و خەمێكی قوڵەوە ئەمڕۆ بۆ ماڵئاواییكردن لە ھەڤاڵ و دۆست و كەسایەتیێكی لێھاتوو كۆبووینەتەوە، ئەو كەسێكی دەستپاك، رابردوو پاك، دڵسۆزی خەڵك و نیشتمانپەروەر بوو. د. فرسەت سۆفی كەسێكی خاكی بوو، ھەر ئەركێكی پێسپێردرا بە دڵسۆزی و جدیەتەوە بەجێی دەگەیاند، بۆیە ئەمڕۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان بۆ كۆچكردنی خەمبارن، ئەمەش سەرمایەكی گەورەی مەعنەوی زۆر گرنگە و، بەڵگەی دڵسۆزی فرسەت سۆفی بووە لەسەر خزمەتكردنی خەڵكی ھەولێر و كوردستان بە گشتی".

لە بەشێكی دیكەی وتاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە كراوە: ئامانجی سەرەكیی د. فرسەت خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و شاری ھەولێری خۆشەویست بوو بەبێ ھیچ جیاوازیەك، زۆر لە خەمی كاسبكار و خەڵكی ھەژار بوو، ھەوڵیدەدا كۆرۆنا كاریگەری لە ژیانی خەڵكی ھەژار نەكات، بۆیە شەو و رۆژ بێ ماندوبوون لە خزمەتی خەڵكدا بوو، بەردەوامیش لەگەڵ پێكھاتەكان لە پەیوەندیی دابوو، ھەمووكات بە پەرۆش بوو بۆ ھەماھەنگی و كاری ھاوبەش، بەداخەوە مەرگ رێگەی نەدا خزمەتی زیاتر پێشكەش بكات.

مەسرور بارزانی هەروەها دەڵێ "ئێمە لە حكومەتی ھەرێم شاهێدیی ئەوەت بۆ دەدەین بە حەق وەفاداربووی بۆ ئەو سوێندەی خواردت، ھەروەھا بۆ ئەو بەڵێنانەی داتن، کە خزمەتكاری خەڵكی ھەولێر و كوردستان بیت".

لەکۆتایی وتاری سەرۆكی حكومەت ھاتووە: "لە پرۆسەی چاكسازیی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، فرسەت سۆفی یەكێك بوو لە داكۆكیكارەكانی ئەنجامدانی چاكسازی و گەشەپێدانی ھەرێمی كوردستان، بۆیە لەدەستدانی دكتۆر فرسەت زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان و، بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات".

نێچیرڤان بارزانی: فرسەت سۆفی نموونەیەکی جوانی نیشتمانپەروەری بوو

لەبەشێکی گوتاری ماڵئاوایی لە فرسەت سۆفی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "دکتۆر فرسەت کەم ژیا، بەڵام ژیانی پڕ لە کار و بەرهەم بوو، بە چیرۆکی سەرکەوتوویی ژیانی، وێنەیەکی جوانی لای هەموومان بەجێهێشت".

هەروەها گوتی "دوێنێ سەرۆک بارزانی بۆی نووسی، کوڕێکی خۆم لەدەستدا، کەسایەتییەکان و کونسوڵان و خەڵکی هەولێر و کوردستان بە ئەستێرەیەکی ئاسمان وەسفیان کرد".

لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2019 مەرسوومی سەرۆکایەتیی دەستبەکاربوونی وەک پارێزگار بۆ فرسەت سۆفی دەرکرد، گوتی "د. فرسەت چەند مەبەستی شار بوو، هێندە و زیاتریش مەبەستی بوو پرۆژە بۆ گوند و ناحییەکانیش بکرێن، هەمیشە خەمی ئەوەی بوو و بەردەوام بەمنی دەگوت، لەبەر دۆخی دارایی و کەمی داهات، ناتوانین وەکو پێویست خزمەت بکەین".

نێچیرڤان بارزانی ئاشکراشی کرد "دکتۆر فرسەت جارێک کۆرۆنای بە سووکی گرت و چاکبووەوە، بەڵام جاری دووەم بەداخەوە کۆچی دوایی کرد".

تەرمی فرسەت سۆفی گەیشتەوە هەولێر

تەرمی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر لە ئەنقەرەوە گەیشتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەدوای مەراسیمی ماڵئاواییکردن لێی لە فڕۆکەخانە، بڕیارە کەمێکی دیکە لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاک بسپێردرێت.

ئامادەکارییەکان لە فڕۆکەخانە تەواو بوون بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی پارێزگار

نەسرەت سۆفی، برای فرسەت سۆفی لە فڕۆکەخانەوە قسەی بۆ کوردستان24 کورد و گوتی "بەڕاستی کۆستێکی گەورە بوو لە ئێمە، بەڵام لە هەموو شاری هەولێر پرسەیە، بەهۆی گوفتار و کارە جوانەکانی لەو ماوە کەمەی تێیدا پارێزگاری هەولێر بوو، ئێمە شانازی پێوە دەکەین و سەربەرزین پێی".

سێ منداڵی لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی تەرمی باوکیانن

فرسەت سۆفی، چوار منداڵی لەدوای خۆی جێهێشت، کە بچووکترینیان تەمەنی پێنج ساڵە. سێ له‌ منداڵه‌كانی له‌ فڕۆكه‌كانه‌ لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی تەرمی باوکیانن.

گۆڕەکەی لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد، ئامادەکراوە

گۆڕێک لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد، یەکێک لە گەورەترین گۆڕستانەکانی هەولێر، ئامادەکراوە.

فەرمان، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی شارەوانییەکانە و لەسەر گۆڕە ئامادەکراوەکە بۆ کوردستان24 دوا، گوتی "لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر، دوێنێ ئەو شوێنەمان ئامادەکرد بۆ ئەوەی ببێتە ئارامگەی خوالێخۆشبوو".

ئەو بەڕێوەبەرە هەروەها دەڵێ "بەپێی ئەو سیستەمەی پرۆتۆکۆل دایناوە، ئێمە ئاگادارکراوینەتەوە دوای کاتژمێر 12:00 تەرمەکە دەگاتە ئێرە بەمەبەستی ناشتن و کۆتاییهێنان بە پرۆسەی ناشتنی خوالێخۆشبوو".